ژماری شەهیدانی غەززە، ٢٤هەزار و ٧٠٠ کەسی تێپەڕاند
وەزارەتی تەندروستیی غەززە ڕایگەیاند، ئاماری شەهیدانی کەرتی غەززە لەدەسپێکی پەلامارەکانی رژیمی ئیسرائیل بۆسەر دانیشتووانی ئەو دەڤەرە، سنوری٢٤هەزار و٧٠٠ کەسی تێپەڕاند.
وەزارەتی تەندروستیی غەززە لەڕاگەیێندراوێکدا ڕایگەیاند کە لە حەوتی ئۆکتۆبرەوە تائێستا٢٤هەزار و٧٦٣ فەلەستینی لەئەنجامی پەلامارە هۆڤانەکانی رژیمی زایۆنی بۆسەر دانیشتووانی غەززە، شەهید بوون.
وەزارەتی تەندروستیی غەززە ڕاشیگەیاند، لەو ماوەدا، ٦٢هەزار و١٠٨ کەس لە غەززە بەهۆی پەلامارەکانی رژیمی داگیرکەری ئیسرائیل بریندار بوون.
لەلایەکی دیکەوە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بۆردومانی ماڵێک لەشاری خان یونس، لانیکەم١٣شەهیدو برینداری لێکەوتەوە کە لەنێو شەهیداندا منداڵێک بەرچاو دەکەوێ.
چەکدارانی رژیمی داگیرکەر هاوکات لەگەڵ بۆردومانی باشور و ناوەڕاستی کەرتی غەززە، هێرشیان کردەسەر چەند شوێنێک لە لێواری رۆژاوا لەوان ئوردوگای تولکەرم و ڕامەڵڵا کە شەڕ وپێکدادانی نێوان خەباتکارانی فەلەستینی و زایۆنییەکانی بەدواوە بوو.
پێداگریی نەتانیاهو و هاوڕێ شەڕخوازەکانی لەسەر درێژەی شەڕی غەززە، کوژرانی ژمارێک گیراوی زایۆنی لە ناوچەی غەززەی لێکەوتووەتەوەو لە چەند رۆژی ڕابردوودا، زایۆنییەکان، لە گۆڕستانێک لە خان یونس ، تەرمی٢٧ گیراوی زایۆنیان دۆزیەوەو گواستیاننەوە بۆناوخۆی سەرزەوینە داگیرکراوەکان.
هاوکات گوردانەکانی قودس لقی سەربازیی بزووتنەوەی جەهادی ئیسلامیی فەلەستین رایگەیاند کە ئۆتۆمبیلێکی زرێپۆشی رژیمی زایۆنی لە رۆژهەڵاتی جەبالیا هەڵکەوتوو لە باکوری کەرتی غەززەی بە رۆکێتی"تاندوم" کردۆتە ئامانج.
خۆڕاگریی فەلەستین هەروەها باسی تێکهەڵچوونی قورسی کرد لەگەڵ هێزەکانی رژیمی زایۆنی لە چەند میحوەر لە رۆژهەڵاتی کەرتی غەززە.
لەلایەکی دیکەوە سەرۆک وەزیرانی پێشووی رژیمی زایۆنی بە باسکردنی ئەوەی کە ئەو رژیمە سەرکەوتوو نەبووە لە پەلاماردانی ئەو ئامانجانەی لە غەززە، ڕایگەیاندووە، دانی بەوەدانا کە حەماس شکستی نەهێناوە.
ئیهود باراک لە یادداشتێکدا لە رۆژنامەی هائارێتس نووسی: سەرباری پێشکەوتنەکانی سوپای ئیسرائیل، حەماس شکستی نەهێناوەو شانسی گەڕاندنەوەی گیراوانی ئیسرائیلی لە کەرتی غەززە، تادێ کەمتر دەبێ.