بەرپرسێکی باڵای حەماس: نازیزم نموونەیەکی بچووکە لە دڕندەکاریی زایۆنیزم
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامی فەلەستین (حەماس) وتی: نازیزم بە بەراورد لەگەڵ دڕندەکارییەکانی زایۆنییەکان نموونەیەکی بچووکی تیرۆر دێتە ئەژمار.
عزەت ئەڕەشق وتیشی: تا دوێنێ نەتانیاهوو تیرۆر و تاوانەکانی خۆی بە درۆ و ساختەکاری درێژە پێدەدا و ئەمڕۆش کردەوە و ئاکاری نازیستیی سوپاکەی خۆی بە گەمژەیی تەواوەوە پاسا دەداتەوە. ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، لە ڕابردوویەکی نەزۆر دووردا نەتەوە یەکگرتووەکان بە دەنگی سەدو پەنجا و سێ وڵات خوازیاری دامەزرانی ئاگربڕ بوو لە کەرتی غەززە، و تەنها دە وڵات پشتگیریان لە نازیزمی داگیرکەران و کردەوە تیرۆریستییەکانیان دژی ژنان و منداڵانی غەززە کرد. ئەڕەشق بە ئاماژە بەوەی کە دوو ڕۆژ لەمەوبەر ڕژێمی داگیرکەر زیللەیەکی دیکەی نێودەوڵەتی وەبەرکەوت و لە دیوانی نێودەوڵەتیی داددا خۆی لە پێگەی تاوانبارێکدا بینییەوە، ڕایگەیاند: بەرپرسانی زایۆنی و خودی نەتانیاهوو دوای ئەم شکستە هەوڵیان دا بۆ دەسخستنی پشتیوانی نێودەوڵەتی و لەگەڵ ئەوەش هەوڵیان دا بۆ ئەوەی بە هۆی هەڵشکانی سیاسی و نەبوونی لۆژیکەوە خۆیان بەبێتاوان پێناسە بکەن.
ئەڕەشق ئاماژەی بە جەنایەتە بێوچانەکانی سەربازانی زایۆنی لە کەرتی غەززە کرد و وتیشی: نازیزم بە بەراورد لەگەڵ دڕندەیی زایۆنیزم، تەنیا نموونەیەکی بچووکی تیرۆریزم دێتە ئەژمار، ڕژێمی داگیرکەری زایۆنی لە ٧٥ ساڵ لەمەوبەرەوە هەموو ناو و نازناوێکی تیرۆریستی تەرخان داوە بە خۆی و بە ئیدانەکردنی بڕیارەکەی دادگای لاهە، جارێکی دیکە نازناوی "یاخیبوو"ی لێنرایەوە.