شوبات 26, 2024 13:00 Asia/Tehran

گرووپەکانی خۆڕاگریی فەلەستینی ڕایانگەیاند کە لە خولی تازەی هێرشەکانیان بۆ سەر داگیرکەرانی زایۆنی زەبری قورسیان لێداون.

گوردانەکانی شەهیدانی ئەقسا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە خەباتکارانی ئێمە بە یارمەتیی ئیلاهی ئەمڕۆ سەرلەبەیانی بە ڕەشاش و تەقەمەنی هێرشیان کردە سەر هێزەکانی داگیرکەر لە شاری قلقلییە و زەبری قورسیان لێدان. لەلایەکی دیکەوە گوردانەکانی موجاهدین لقی سەربازیی بزووتنەوەی موجاهدینی فەلەستینی ڕایگەیاند کە خەباتکارانی ئەندامی ئەم گوردانانە لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوودا ٢٠ زایۆنیان لە ١٧ هەڵمەتدا کوشتووە. 

«ابوبلال» لەم بارەوە وتی: پاش ١٤١ ڕۆژ شەڕ، خەباتکارانی فەلەستینی لە هەموو میحوەرەکانی شەڕدا زەبری قوریان لە سەربازانی ڕژێمی زایۆنی داوە. ناوبراو وتیشی: کە نیشانەپێکەکانی ئەم بزووتنەوەیە ڕۆژی شەممە ٦ سەربازی سوپای ڕژێمی زایۆنییان لە خان یونس کوشتووە.سوپای ڕژێمی زایۆنی ئەمڕۆ ڕۆژی یەکەممە ڕایگەیاند کە ئەفسەرێکی ئەندامی تیپی تایبەتی «گەفعاتی» لە شەڕەکانی باشووری کەرتی غەززەدا کوژراوە و سێ ئەفسەری دیکەیش برینی کارییان لێکەوتووە. بەم پێیە، ژماری ڕاگەیەندراوی سەربازانی کوژراوی ڕژێمی زایۆنی لە دەسپێبوونی ژینۆسایدی ڕژێمی زایۆنی و ئەمریکا دژ بە خەڵکی غەززە و کەرتی ڕۆژاوا تا ئێستا گەیشتۆتە ٥٧٨ کەس.

لە هەواڵی دیکەی میدیا فەلەستینییەکان راپۆرتیان داوە کە سوپای داگیرکەری زایۆنی دەستی داوەتە تۆپبارانی ڕۆژاوای ئۆردوگای نوسەیرات لە ناوەراستی غەززە. هەروەها ئەم میدیاگەلە رایانگەیاندووە کە سوپای داگیرکەری ڕژێمی زایۆنی بە درۆن و تەقاندنی تۆپ، گەڕەکەکانی ڕۆژهەڵاتی شاری غەززەیان لە باکووری کەرتی غەززە کوتاوە.

وەزارەتی تەندرووسیی غەززەیش ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند کە  ڕژێمی زایۆنی لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا لە ٧ جەنایەتی تازەدا، ٨٦ شاروومەندی فەلەستینی شەهید کردووە و ١٣١ کەسیشی بریندار. بەم چەشنە ژماری شەهیدانی کەرتی غەززە گەیشتۆتە ٢٩ هەزار و ٦٩٢ کەس و ژماری بریندارانیش لە ٦٩ هەزار و ٨٧٩ کەس تێپەڕیوە. وەزارەتی تەندروستی غەززە جەختی کرد کە ژمارێک لە شەهیدان و قوربانیان ئێستایش هەر لە ژێر داروپەردوودا و لە سەر شەقامەکاندا ماونەتەوە و داگیرکەران پێش دەگرن بەوەی هێزی فریاگوزار دەستیان بگاتە ئەو تەرمانە.  

سەرپەیڤ