١٥٧ـەمین رۆژی ژینۆساید لە غەززەو چوونەسەری ژماری شەهیدانی غەززە بۆ ٣١٠٤٥ کەس
رژیمی ئیسرائیل سەرلەبەیانی ئەمڕۆ کە یەکەم ڕۆژی مانگی پیرۆزی ڕەمەزانە لە فەلەستین، بێ گرینگیدان بە داواکارییە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان، پەلامارە ئاسمانییەکانی نەک هەر رانەگرت، بەڵکوو باکور، ناوەندو باشوری کەرتی غەززەو تەنانەت باشوری لوبنانیشی بوردومان کرد.
ئەمڕۆ و لە پەلامارێکی تازەی زایۆنییەکان بۆسەر غەززە، سێ فەلەستینی دیکە شەهیدو زیاتر لە دە فەلەستینی دیکەش بریندار بوون. رژیمی ئیسرائیل هەروەها هێرشەکانی بۆسەر کەناری رۆژاوایی زیاتر پەرەپێداو پەلاماری کردەسەر چەند شارێکی ئەو ناوچەو لە "بەیت لەحم" و "تولکەرم"، گەنجانی فەلەستینی لەگەڵ دەسدرێژکاراندا تێکهەڵچوون کە بەهۆیەوە، شۆڤڵێکی سوپای دەسدرێژکار بە تەقاندنەوەی بۆمب تێکشکێندرا.
وەزارەتی تەندروستیی غەززە ڕایگەیاند: ژماری شەهیدانی شەڕ لە کەرتی غەززە گەیشتووەتە٣١هەزار و٤٥کەس و ژماری بریندارانیش بۆ٧٢هەزار و ٦٥٤ کەس.
خۆڕاگریی ئیسلامیی لوبنانیش لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛ خەباتکارانی موقاوەمە، ئەمرۆ شوێنی گردبوونەوەی چەکدارانی رژیمی زایۆنیان لە "تلە الطحیات" کردەئامانج و زەبرێکی قورسیان لێ دان.
هاوکات لەگەڵ یەکەم رۆژی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان لە سەرزەوینی فەلەستین، ٢٧٥ شارۆچکەنشینی زایۆنی بەپاڵپشتیی چەکدارانی رژیمی داگیرکەر هێرشیان کردەسەر مزگەوتی ئەقساو حورمەتی ئەو شوێنە پیرۆزەیان شکاند.
میدیا هەواڵییەکانی رژیمی زایۆنیش ئەمرۆ ڕایانگەیاند، کۆپتەرێکی سوپای ئەو رژیمە لە پێگەی ئاسمانیی"نیفتایم" لە ناوچەی "نەقب" لە باشوری سەرزەوینە داگیرکراوەکان کەوتووەتە خوار کە بەهۆیەوە سێ کەس بریندار بوون.