دۆزرانەوەی ٣٨١ تەرمی بێگیان لە دەوروبەری نەخۆشخانەی شیفای غەززە
لەکاتێکدا کە زیاتر لە هەفتەیەک تێدەپەڕێ بە سەر چوونەدەری سوپای ڕژێمی زایۆنی لە نەخۆشخانەی شیفای غەززە، ژێدەرە هەواڵییەکان ئەمڕۆ سێشەمە باسی دۆزرانەوەی تەرمی سێسەد و هەشتا و یەک شەهیدیان کردووە لە دەوروبەری ئەم نەخۆشخانەیەدا.
میدیا فەلەستینییەکان ئەمڕۆ ڕاپۆرتیان دا کە تیمە پزشکییەکان پاش کۆتایی هاتنی جەنایەتەکانی سوپای ڕژێمی زایۆنی لە نەخۆشخانەی شیفای شاری غەززە، سێسەد و هەشتا و یەک تەرمیان لە دەوروبەری ئەم نەخۆشخانەیە دۆزییەوە و هێزەکانی فریاگوزاریش سی تەرمی شیبووەیان لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی خان یونس لە باشووری کەرتی غەززە کۆ کردەوە. سوپای ڕژێمی زایۆنی ڕۆژی دووشەممە سێزدەی خاکەلێوە لە نەخۆشخانە شیفا و ناوچەکانی دەوروبەری پاشەکشەی کرد.
هاوکات لەگەڵ دەسپێبوونی دانوستانەکان لە قاهیرە، دەسدرێژیی ڕژێمی زایۆنی بۆسەر کەرتی غەززە ئێستایش هەر بەردەوامە و وەزارەتی تەندرووستیی غەززە ئەمڕۆ (سێشەممە) بە ئاماژە بەوەی کە هەژماری شەهیدانی ئەم پەلامارانە گەیشتۆتە سی و سێ هەزار و سێسەد و شەست کەس، ڕاشیگەیاند؛ ئەم ڕژێمە لە ماوەی بیست و چوار کاتژمێری ڕابردوودا چەندین ناوچەی کەرتی غەززەی داوەتە بەر پەلامار، کە ئەو پەلامارانە سەد و پەنجا و سێ شەهیدیان لێ کەوتۆتەوە و شەست برینداریش.
وەزارەتی تەندرووستیی غەززە هەروەها ژماری بریندارانی جەنایەتەکانی زایۆنییەکان لە ماوەی شەش مانگی ڕابردووی بە حەفتا و پێنج هەزار و نۆسەد و نەوەد و سێ کەس راگەیاند.