حەماس: تەسلیمی هیچ زەخت و گوشارێک نابین
یەکێک لە بەرپرسانی بزووتنەوەی حەماس بە ئاماژە بەوەی کە ڕژێمی زایۆنی لە هەموو بەرەکاندا چەقیوەتە نێو زەلکاوێکی ستراتژیک، پێیداگرت: نیازی نەتانیاهوو پەرەپێدانی شەڕە، بەڵام حەماس هەرگیز لە داخوازە سەرەکییەکانی خۆی پاشگەز نابێتەوە و تەسلیمی هیچ زەخت و گوشارێکیش نابێ.
«احمد عبدالهادی» نوێنەری بزووتنەوەی حەماس لە لوبنان سەبارەت بە دوایین ڕووداوەکانی هاوپێوەند بە شەڕی غەززە و هەروەها هەواڵەکانی هاوپێوەند بە پێشنیاریی بانگەشەیی ڕژێمی زایۆنی سەبارەت بە ئاگربڕ کە لە زاری "جۆ بایدێن"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکاوە هاتە ئاراوە، وتی: ڕژێمی داگیرکەر ئەمڕۆکە چەقیوەتە نێو زەلکاوێکی ستراتژیک لە هەموو بەرەکاندا و دیسانەوە لێبڕاوانە پێداگرین لە سەر ئەوەی کە حەماس هەرگیز لە داخوازە سەرەکییەکانی سەبارەت بە دانوستان بۆ دامەزراندنی ئاگربڕ پاشگەز نابێتەوە.
عەبدولهادی لە وتووێژێکدا وتیشی: ئۆپەراسیۆنی باهۆزی ئەقسا دەسکەوتی ستراتژیکی جۆراوجۆری هەبوو، لەوان ئەوەی کە ترس و تۆقانی خستە نیو دڵی کاربەدەستان و شارۆچکەنشیانی زایۆنی. ئەم ئۆپەراسیۆنە یاسا و ڕێساکانی شەڕی دژ بە دوژمنی داگیرکەری تەواو گۆڕی و دەسکەوت و دواهاتەکانی ئەم گۆڕینەیش بۆ هەمووان دەرکەوتووە.
ئەم کاربەدەستەی باڵای بزووتنەوەی حەماس وتی؛ ڕژێمی زایۆنی ئێستاکە لە کەرتی غەززە، کەرتی ڕۆژاوا و قودسی داگیرکراو و لە هەموو بەرەکاندا تووشی چەقبەستووییەکی ستراتژیک بووە و چەقیوەتە زەلکاوێک کە ڕزگار بوونی لێی ئەستمە.