مەرجەکانی حەماس بۆ ئاگربڕ ھەمان مەرجەکانی ھەنیەو سینوارن
سامی ئەبو زەهری، لە سەرکردەکانی بزوتنەوەی حەماس جەختی لەوە کردەوە کە هەر جۆرە دیل گۆڕینەوەیەک کە ببێتە هۆی ئازادکردنی دەستبەسەرکراوانی ئیسرائیلی، تەنیا بەو مەرجانەی کە شەهید ئیسماعیل هەنیە و شەهید یەحیا سینوار دایانناوە، مسۆگەر دەبێت.
«سامی ئەبو زەهری» وتیشی: ئەگەر ئەمریکییەکان و زایۆنییەکان پێیان وابێ کە تیرۆرکردنی شەهید یەحیا سینوار، سەرۆکی بزوتنەوەی حەماس و فەرماندەی باھۆزی ئەقسا، بزوتنەوەی حەماس لاوازو یان ملکەچی گوشارەکان بۆ ئازادکردنی دەستبەسەرکراوانی زایونی دەبێت ، توشی وەھم ھاتوون.ئێمە پێیان دەڵێین کە گرەوتان لەسەر وەهمەکانتان کردووە. دەستبەسەرکراوانتان ڕزگاریان نابێ ھەتا ئەو کاتەی کە ڕژێمی داگیرکەر پێملی ئەو مەرجانە ببێت کە کاتی خۆی شەهید ئیسماعیل هەنیەو شەهید یەحیا سینوار دایانناون، واتە کشانەوەی بێ شەرت و مەرج لە غەززە.
«سامی ئەبو زەهری» جەختی لەوەش کردەوە کە: دوای تێپەڕینی ساڵێک بە سەر ھەڵمەتی باھۆزی ئەقسادا، ڕژێمی داگیرکەری زایونی شکستی لە وەدی ھێنانی ئامانجەکانی ھێناوە. ئەمڕۆ ئەوەتا نە حەماس شکستی ھێناوەو و نە دەستبەسەرکراوانی ئەوانیش ڕزگاریان بووەو نە شارۆچکەنشینە ئاوارەکانیشیان گەڕاونەتەوە بۆ سەرماڵ و حاڵی خۆیان.