زۆربوونی ژماری شەهیدانی غەززە لە ٤٢٠ـەمین ڕۆژی ژینۆساید
وەزارەتی تەندرووستیی غەززە ڕێژەی تازەی شەهید و بریندارانی ٤٢٠ ڕۆژ شەڕ و جەنایەتی بێوچانی ڕژێمی زایۆنی دژ بە خەڵکی غەززەی ڕایگەیاند.
وەزارەتی تەندرووستیی غەززە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: ڕژێمی داگیرکەری زایۆنی لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا سێ کوشتاری لە کەرتی غەززە ئەنجامداوە کە ئەو جەنایەتانە ٣٣ شەهید و ١٣٧ برینداریان لێکەوتۆتەوە. ژمارێک لە شەهیدان و قوربانیان ئێستایش هەر لە ژێر داروپەردووی ماڵ و باڵاخانە ڕووخاوەکان و یان لە سەر جادە و ڕێگا و بانەکاندا ماونەتەوە و داگیرکەران پێش بە هێزەکانی فریاگوزار دەگرن دەستیان بگاتە ئەو ناوچانە.
وەزارەتی تەندرووستیی غەززە جەختیشی کرد: ئاماری شەهیدانی شەڕی غەززە لە ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ تا ئێستا گەیشتۆتە ٤٤ هەزار و ٣٦٣ کەس و ژماری بریندارانیش گەیشتۆتە ١٥٠ هەزار و ٧٠ کەس. سوپای ڕژێمی زایۆنی ئەمڕۆ هەینی ئۆپەراسیۆنێکی بەربڵاوی زەوینی و پەلاماری ئاسمانیی بۆ سەر ئۆردوگای نوسەیرات لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە ئەنجام دا و ١٩ فەلەستینیی شەهید کرد. سوپای ڕژێمی زایۆنی هەروەها بەردەوامبوو لە ئۆپەراسیۆنی بەربڵاوی خۆی لە شارۆچکەی جەبالیا کە لە باکووری کەرتی غەززە هەڵکەوتووە.