شەهیدبوونی نۆ فەلەستینی لە ئاکامی پەلاماری زایۆنییەکان بۆسەر غەززە
سەرچاوە نەخۆشخانەییەکان لە کەرتی غەززە ڕایانگەیاند، لەئاکامی پەلاماری ئاسمانیی رژیمی زایۆنیستی بۆسەر ناوچە جۆربەجۆرەکانی ئەو کەرتە لە رۆژی پێنج شەممەدا، نۆ کەس لەوان دوو منداڵ شەهید بوون.
بەپێی راگەیاندنی بەرپرسانی نەخۆشخانەی شیفا لە رۆژاوای شاری غەززە، تەرمی چوار شەهیدی خێزانێک پاش بۆردومانی ماڵێک لە "بەیت لاهیا" لەباکووری کەرتی غەززەی وەرگرتووە کە دوو کچی هەشت و دوانزە ساڵانیش لەنێو شەهیدەکاندا هەن.
سەرچاوەیەکی ئەمنیی فەلەستینی لە غەززە رایگەیاند کە فڕۆکە جەنگییەکانی رژیمی زایۆنیستی پاش نیوەشەو، دوو پەلاماری ئاسمانییان بۆسەر بەیت لاهیاو کەمپی پەنابەرانی جەبالیا ئەنجام دا. هێزەکانی رژیمی زایۆنیستی هەروەها خێوەتی شوێنی نیشتەجێبوونی ئاوارەکان و ئەمبوڵانسەکانیشیان بۆردومان کرد.
لەهەمان کاتدا، بەگوێرەی راپۆری هەواڵدەریی فەڕانسە، پاش هێرشی خۆفڕیی بۆسەر شوێنی گردبوونەوەی هاووڵاتیانی فەلەستینی لە دەورووبەری مزگەوتی "قوبە" لە رۆژاوای خان یونس، لانیکەم سێ کەس شەهید و پێنج کەسیش بریندار بوون.