بەردەوامیی تاوانەکانی سوپای تیرۆر و ھەڵکشانی ژمارەی شەهیدانی غەزە
سوپای تیرۆر لە 441 ـەمین ڕۆژی شەڕی غەزە ، بەردەوامە لە سەر پەلامار دانی ناوچە جۆربەجۆرەکانی کەرتی غەزە و ڕۆژ نییە دەیان کەس شەهید و بریندار نەکات.
وەزارەتی تەندروستیی غەزە ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند: کۆی قوربانیانی دەسدرێژکاریی ڕژێمی زایونی دژی کەرتی غەزە لە حەوتی ئوکتوبری 2023 وە ھەتاکوئێستا گەیشتووەتە 45 هەزار و 206 شەهید .
ئەم وەزارەتخانەیە هەروەها ڕایگەیاندووە کە ژمارەی بریندارەکانیش لە ئەنجامی دڕندەکاریی ڕژێمی زایۆنی لەم کەرتە بۆ ١٠٧ هەزار و ٥١٢ کەس بەرز بووەتەوە.
وەزارەتی تەندروستیی غەززە هەروەها ڕاشیگەیاندووە کە ڕژێمی زایۆنی لە ماوەی ٢٤ کاژێری ڕابردوو لە کەرتی غەززەدا بە سێ نمونەی کوشت و بڕەوە تێوە گلاوە کە لە ئەنجام دا 77 شەهید و 174 بریندار گوێزراونەتەوە بۆ نەخوشخانە. دوابە دوای پەلاماری ئاسمانیی ڕژێمی زایونی بۆ سەر ماڵێک لە «بەیت حانون» هەڵکەوتوو لە باکووری غەزە چوار کەس شەهید و چەن کەسی دیکەش بریندار بوونە .
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، سوپای داگیرکەر ھەروەھا ھێرشی کردووەتە سەر ناوچەی «ئەلعەلەمی» و کەمپی «جیبالیا» لە باکووری کەرتی غەززەو هەندێک بینای مەدەنیی لە شاری «بەیت لاهیا»ی باکووری کەرتی غەززە خاپوور کردووە. ئینجا توپخانەی سوپای داگیرکاری زایونیش ناوەڕاستی شەقامی «ئەلسەکە» لە ڕوژهەڵاتی ناوچەی «زەیتون» هەڵکەوتوو لە باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری غەززەی بۆردومان کردووە.
ئەمەو لە لایەکی دیکەوە گوردانەکانی قەسام لقی سەربازیی بزوتنەوەی حەماسیش، باسی ئەوەی کردووە کە بەیانیی ئەمڕۆ ئەندامێکی بە چەقۆ ھەڵیکوتاوەتە سەر "ئەفسەرێکی ڕژێمی داگیرکەر و سێ سەربازی دیکە» لە خاڵی سیفرەوە لە کەمپی جیبالیاو چەکەکانی لێ سەندوون. وەک وتووشیەتی: ترۆمبیلێکی تاکبەری زایونیش بە ھۆی خوڕاگرییەوە لە کەرتی غەزە تێک شکێندراوە.
بزوتنەوەی خوڕاگریی ئیسلامیی حەماسیش بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی «هاوپشتیی مرۆڤی» جەختی کرد لە پێویستیی گوشار خستنە سەر ڕژێمی داگیرکەری زایۆنی بۆ ڕاگرتنی شەڕودەستدرێژکارییەکانی دژی غەززە و ئیدانە کردنی تاوانەکانی ئەم ڕژێمە و هێزمەند کردنی هاوپشتی لەگەڵ نەتەوەی فەلەستین دا.
ماوەتەوە بڵێین «جۆرجیوس پترۆپۆلۆس»ی سەرۆکی نووسینگەی ڕێکخستنی کاروباری مرۆڤیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کەرتی غەززەش، ڕایگەیاند کە: داگیرکەرانی زایۆنی حەز بە کردنەوەی دەروازەکان بۆ پەرەسەندنی گەییشتنی یارمەتییە مرۆڤییەکان بۆنێو کەرتی غەززە ناکەن.