بەردەوامیی پەلامارەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر غەززە
پەلامارەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر غەززە هاوکات لەگەڵ چوونە پێشەوەی پرۆسەی دانوستانەکانی ئاگربڕ، ئێستاش هەر بەردەوامە. وەزارەتی تەندرووستیی فەلەستین لە ٤٦٦ـەمین ڕۆژی ژینۆسایددا ڕایگەیاند کە سوپای داگیرکەری ڕژیمی زایۆنی لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا چوار کوشت و کوشتاری دیکەی دژ بە خەڵکی مەدەنی فەلەستینی لەم کەرتە ئەنجام داوە.
پەلامارەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر ناوچە جۆرجۆرەکانی کەرتی غەززە سەر لە بەیانی ئەمڕۆش بەردەوام بوو. وەزارەتی تەندروستی فەلەستین ڕایگەیاندووە لە پەلامارەکانی ئەمڕۆدا ٦١ فەلەستینی شەهید بوون و ٢٨١ کەسیش بریندار. دوو پەیامنێری دیکەش لە غەززە بە هۆی پەلامارەکانی ڕژێمی زایۆنی شەهید بوون. ناوەندی ڕاگەیاندنی حکوومیی فەلەستین لە کەرتی غەرزە کوشتار و تیرۆری میدیاکارانی فەلەستینی بە دەستی هێزە سەربازییەکانی ڕژێمی زایۆنی بە تووندی شەرمەزار کرد. ژماری شەهیدانی پەیامنێر و میدیاکار کە لە دەستپێکی شەڕی ژینۆسایدی ڕژێمی ئیسراییل دژ بە دانیشتووانی غەززە لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ـوە تا ئێستا شەهید بوون، گەیشتووەتە ٢٠٤ کەس. وەزارەتی تەندروستیی فەلەستینیش ڕایگەیاندووە، ژماری شەهیدانی شەڕی دژ بە غەززە لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ـوە تا ئێستا گەیشتووەتە ٤٦ هەزار و ٦٤٥ کەس و ژماری بریندارانیش گەیشتۆتە ١١ هەزار و ١٢ کەس. هەروەها سەرایا ئەلقودس لقی سەربازی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی ڕایگەیاند؛ خەباتکارانی ئێمە لەگەڵ یەکەیەکی سوپای ڕژێمی زایۆنی تێکهەڵچوون کە هەوڵی دەدا بۆ گەمارۆدانی ماڵێک لە میحوەری جەبەل ئومولقەسیب. خەباتکارانی خۆڕاگری ئەم یەکەی سوپای زایۆنیان دایە بەر دەسڕێژی گوللە.
هێزە چەکدارەکانی یەمەنیش سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ ڕایگەیاند کە هێرشی مووشەکی کردووەتە سەر باڵاخانەی وەزارەتی شەڕی ڕژێمی زایۆنی. یەحیا سەریع وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن ڕایگەیاندووە لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیدا وەزارەتی شەڕی ڕژێمی ئیسراییلی لە یافای داگیرکراو بە مووشەکی هایپەرسونیکی فەلەستینی ٢ پێکاوە.