وتەبێژی گوردانەکانی قەسام: دوژمن یەک هەڵە بکات دەستبەسەرکراوان دەکوژرێن
وتەبێژی گوردانەکانی قەسام بە ئاماژە بە بڕووبیانوو هێنانەوەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر لە نوێ پەلاماردانەوەی غەززە هەرەشەی لەم ڕژێمە کرد.
ئەبووعوبەیدە وتەبێژی گوردانەکانی قەسام لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا پێیداگرت: خۆڕاگری لە پێش چاوی هەموو جیهان و ناوبژیواناندا پێبەند بووە بە بڕگەکانی ئاگربڕ و مامەڵەی دیلبەدیل و سەرباری هەموو بڕوبیانوو هێنانەوەکانی دوژمن ئێستاش هەر پێبەندە.
ئەبووعوبەیدە جەختی کرد کاربەدەستانی زایۆنی هەوڵ دەدەن بۆ ئەوەی داکۆکی و پاڵپشتی لە ئەمریکا وەرگرن و بەردەوامیش بن لە جەنایەکانیان دژ بە خەڵکی فەڵەستین و خۆیان بدزنەوە لە جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنی ئاگربڕ، لەکاتێکدا کە کورتترین و ڕێکترین ڕێگا پێبەندبوونی دوژمن بە بڕگەکانی ئاگربڕە، نا هەڕەشە و گوڕەشە کردن. وتەبێژی گوردانەکانی قەسام وتی: ئێمە بۆ هەر چەشنە ڕووداوێکی شیمانەیی ئامادەیین . هەر دەسترێژییەک بکرێتە سەر خەڵکی ئێمە دەبێتە هۆی کوژرانی ژمارێک لە دەستبەسەرکراوانی زایۆنی.
لە لایەکی دیکەوە ناوەندی ڕاگەیاندنی فەلەستین ڕایگەیاند لە مانگی ڕابردووی زایینیدا دەستدرێژی و پەلامارەکانی داگیرکەرانی زایۆنی لە کەرتی ڕۆژاوا و قودسی داگیرکراو یەکجار زیاتر بووە کە کوشتن خاپوورکردنی بینا گشتی و تایبەتەکان ، گرتن و قۆڵبەست کردن لە ئاستێکی بەربڵاو، هەڕەشە و گوڕەشە و هەروەها جەنایەتی دیکەش دەگرێتەوە و زیاتر لە ٧ هەزار و ٧٧٣ حاڵەتی دەستدرێژی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر ناوچە فەلەستینییەکان هەر لەم ماوەیەدا تۆمار کراوە.
سەرۆکی ناوەندی فریاگوزاری و کاردیتنەوە بۆ ئاوارە فەلەستینییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش هەوڵی ئیسراییل بۆ کاولکردنی بەربڵاوی ماڵ و باڵاخانەکان لە کەرتی ڕۆژاوایی ئیدانە کرد و وشداریدا؛ ئەم کردەوانە کاریگەرییەکی نالەبار دادەنێتە سەر ژیانی هەزاران فەلەستینی و گەورەترین ئاوارە بوونی فەلەستینییەکان لە کەرتی ڕۆژاوە خەریکە دەقەومێ.