لە غەززە پێداویستی خۆراک تەواو دەبێت/زیاتر لە ٢ ملیۆن کەس مەترسی مردنی بەکۆمەڵیان لەسەرە
ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هۆشدارییان داوە کە پێداویستی خۆراک لە غەززە تەواو بووە و زیاتر لە دوو ملیۆن و 200 هەزار کەس لەو کەرتە بە هۆی برسێتی و قات و قڕی گیانیان لەدەست دەدەن.
نووسینگەی ڕاگەیاندن لە کەرتی غەززە لە بەیاننامەیەکدا هۆشداریی داوە کە فەلەستینییەکانی کەرتی غەززە لە سەرووبەندی مردنی بەکۆمەڵدان بەهۆی برسێتی بەربڵاوەوە، هەروەها گەیشتنی دەستبەجێی یارمەتییەکان و دامەزراندنی دەروازەیەکی مرۆیی بۆ ڕزگارکردنی ژیانی زیاتر لە دوو ملیۆن و ٤٠٠ هەزار هاوڵاتی مەدەنی لە غەززە زۆر گرنگە. لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە، دوای تۆمارکردنی ٥٢ حاڵەتی مردن بەهۆی برسێتی و بەدخۆراکییەوە کە ٥٠ کەسیان منداڵن، برسێتی لە غەززە بووەتە ڕاستییەکی تاڵ. زیاتر لە ٦٠ هەزار منداڵ لە غەززە بەدەست بەدخۆراکییەکی توندەوە دەناڵێنن و زیاتر لە ملیۆنێک منداڵی فەلەستینی تووشی برسییەتی بوونە .