بۆردومانی قورسی ناوچە جیاجیاکانی غەززە
سوپای ڕژێمی زایۆنی بەردەوامە لە بۆردومانی ناوچە جۆربەجۆرەکانی کەرتی غەززە و لە ئەنجامدا ژمارەیەک ژن و منداڵی دیکەی فەلەستینی لە خاک و خوێن گەوزێندراون.
فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆردومانی قورسی ناوچەکانی خانیونس، ڕەفەح و کەمپی ئاوارەکانیان کرد لە ڕۆژاوای بەیت لاهیا و ژمارەیەک شەهید بوون. لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، سوپای داگیرکەری ڕژێمی زایۆنی ٣١ فەلەستینی شەهید کردووە و ٧٣ کەسی دیکەش بریندار بوونە. وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین لە کەرتی غەززە ڕایگەیاند، ژمارەی شەهیدانی پەلامارەکانی سوپای ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر کەرتی غەززە گەیشتووەتە ٥٢ هەزار و ٩٠٨ کەس. هەروەها لەگەڵ شەهیدبوونی "حەسەن ئەسیلەح" پەیامنێری فەلەستینی، ژمارەی پەیامنێرانی شەهید گەیشتووەتە ٢١٥ کەس. وەزارەتی تەندروستیی لوبنانیش هەواڵی پەلاماری ئاسمانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر باشووری ئەم وڵاتەی ڕاگەیاند. نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنی شەوی ڕابردوو ڕایگەیاند کە ئەم ڕژیمە بەردەوامە لە پەلامارەکانی بۆ سەر غەززە و ئەو پەلامارانە قورستر و چڕتریش دەکاتەوە.