دەستدرێژی لە سەرانسەری غەززە بەردەوامە
سوپای ڕژێمی زایۆنی لە ٧٨هەمین ڕۆژی دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە، ناوچەکانی دیکەیشی دایە بەر پەلامار.
سەرچاوە پزیشکییەکانی فەلەستین هەواڵی شەهیدبوونی دەیان فەلەستینی و برینداربوونی زیاتر لە ٢٠٠ کەسیان بڵاو کردەوە لە ئەنجامی تەقەکران لە خەڵکی مەدەنی لەلایەن سەربازانی زایۆنییەوە لە شوێنی دابەشکردنی یارمەتییە مرۆییەکاندا لە کەرتی غەززە. لە هەمان کاتدا بۆردومانی خێوەتی ئاوارە فەلەستینییەکان لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە بووەتە هۆی شەهیدبوونی ٣ فەلەستینی. هەروەها سوپای ڕژێمی زایۆنی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دانی بەوەدانا کە ٣ سەربازی ئیسراییلی بە دەستی خەباتکارانی فەلەستینی لە جەبالیا کوژراون. لە سەرەتای شەڕی ڕژێمی زایۆنی دژ بە غەززە لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ـەوە ژمارەی شەهیدانی ئەو کەرتە گەیشتووەتە ٥٤ هەزار و ٥١٠ کەس و ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە ١٢٤ هەزار و ٩٠١ کەس. نزیکەی ١٤ هەزار فەلەستینیش لە کەرتی غەززە هێشتا بێسەروشوێنن و تەرمەکانیان لە ژێر داروپەردوودی باڵاخانە ڕووخاوەکاندایە.