حەماس خوازیاری هەنگاوی بەکردەوە بوو بۆ وەستاندنی جەنایەتەکانی ڕژێمی زایۆنی
بزووتنەوەی حەماس خوازیاری هەڵگیرانی هەنگاوی کاریگەر بوو بۆ ڕاگرتنی جەنایەتە جەنگییەکانی ڕژێمی زایۆنی.
بزووتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامیی حەماس لە بەیاننامەیەکدا جەختی لەوە کردەوە: کۆمەڵکوژییەکانی ڕۆژانە لە سەرانسەری کەرتی غەززە لە لایەن هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای داگیرکەر بۆ سەر گەڕەکە مەدەنییەکان، کەمپەکانی ئاوارەکان، ناوەندەکانی نیشتەجێبوون و ناوچەکانی چاوەڕوانی بۆ وەرگرتنی یارمەتیی مرۆڤدۆستانە، بەڵگەگەلێکی سەلمێنەری بەردەوامیی شەڕی جینۆسایدن کە حکومەتی جەنایەتکاری جەنگیی نەتانیاهۆ ئەنجامی دەدات. داوا لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکان و دامودەزگاکانی سەر بەم ڕێکخراوەیە دەکەین کە لە هەڵوێستی تەنیا ئیدانەکردن دوور بکەونەوە و هەنگاوی کاریگەر بگرنەبەر بۆ وەستاندنی ئەو جەنایەتە جەنگییە پلانبۆداڕێژراوەی کە ڕژێمی تیرۆریستی داگیرکەر لە ٢١ مانگ لەمەوبەرەوە تا ئێستا بەرامبەر بە خەڵکی مەدەنی بێتاوان ئەنجامی دەدات، لە کوشتن و برسێتیدان بگرە تا لەناوبردنی هەموو ژێرخانە گرنگەکان.