ڕیپۆرتەری نەتەوە یەکگرتووەکان: کۆمەڵکوژیی فەلەستینیەکان لە کەرتی غەززە بەردەوامە
بە تێپەڕینی نزیک بە مانگێک لە ڕاگەیێندرانی ئاگربەس لە غەززە، ڕژێمی زایۆنی هەروا بە پەلاماری بەردەوامی بۆسەر ناوچە جیاجیاکانی غەززەو هێرشکردنەسەر لێواری رۆژاوایی، بووەتەمایەی شەهید و برینداربوونی بەسەدان کەس.
"فرانچێسکا ئالبانێزێ"ی ڕیپۆرتەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆکاروباری مافی مرۆڤ لە سەرزەوینە داگیرکراوەکانی فەلەستین وتوویەتی کە لە یەکەم رۆژی دامەزرانی ئاگربڕەوە، کوشت و بڕی فەلەستینیەکان لە کەرتی غەززە لەلایەن رژێمی زایۆنییەوە هەروا بەردەوامە.
ئالبانێزێ وێڕای ئاماژەی بە شەهیدبوونی زیاتر لە ٢٠٠ هاووڵاتیی فەلەستینی لە کەرتی غەززە لەوماوەدا، وتوویەتی؛ واپێ دەچێ کە زایۆنیەکان ئەو ئاگربڕەیان بەگاڵتە گرتبێ و وەک گشت خەمساردییەکانیان لەحاند یاساوڕێسا نێودەوڵەتییەکان، ئەو ڕێککەوتنەش بۆ ئەوان هیچ مانایەکی جێبەجێکەری نیە. فرانچێسکا ئالبانێزێ پێی داگرت؛ ژینۆسایدی خەڵکی فەلەستین لە غەززەو لێواری رۆژاوایی، هەروا بەردەوامەو نە وشدارییە جیهانییەکان توانیویەتی زایۆنییەکان بوەستێنێ و نە زەخت وگوشارەکان بووەتەهۆی ئەوەی رژێم ڕەچاوی یاساوڕێسا نێونەتەوەییەکان بکا. لەهەمان کاتدا، "ئەنتۆنیۆ گۆترێش"ی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیش رۆژی سێ شەممە جارێکی دیکە جەختی کرد لەسەر پێویستیی پێبەندبوونی رژێمی زایۆنی بە ڕێککەوتننامەی ئاگربڕ لە کەرتی غەززەو خوازیاری هاتنەدی ڕێگاچارەیەکی سیاسیی شیاوی جێبەجێکران بوو بەمەبەستی کۆتایی هێنان بە داگیرکرانی سەرزەوینە فەلەستینیەکان و هەروەها هاتنەدی ئامانج و ئارمانجەکانی گەلی فەلەستین بۆ ئەوەی ببنە خاوەن وڵاتێکی سەربەخۆ. ئاگربەس لە غەززە لە رۆژی هەینیی ڕێکەوتی ١٨ی رەزبەر ڕاگەیێندرا، ئەوە لەکاتێکدایە کە رژێمی زایۆنی هەروا درێژە دەدا بە تەگەرەنانەوە لەبەردەم جێبەجێکرانی بڕگەکانی قۆناخی یەکەمی ئاگربەس و پێشێلکرانی بەردەوامی ڕێککەوتنەکە بە کۆمەڵکوژکردنی فەلەستینیەکان و وێرانکردنی غەززە.