تشرینی دووه‌م 12, 2025 18:53 Asia/Tehran
  • حەماس پەسەندکرانی یاسای داخرانی میدیا بیانیەکان لە پەرلەمانی رژێمی زایۆنی شەرمەزار کرد

بزووتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامیی فەلەستین (حەماس) ڕایگەیاند: پەسەندکرانی بەرایی گەڵاڵەی یاسایی لە کنێسێت (پەرلەمان)ی رژێمی زایۆنی کە ڕێگە بە کابینە دەدا هەتا بێ بڕیاری دادەوانی، میدیا بیانییەکان دابخات، هەوڵێکی ئاشکرای تەلاویڤە بۆ پێش گرتن بە بڵاوبوونەوەی راستیی تاوانکارییەکانی لە جیهاندا.

کنێسێتی رژێمی زایۆنی لە کۆڕی شەوی ڕابردوو، لە لێکدانەوەی بەراییدا بە زۆرینەی پەنجا دەنگی تەبا لەهەمبەر٤١ دەنگی نەیاردا، ڕەزامەندیی دەربڕی لەگەڵ ڕەشنووسی یاسایەکی تازە کە ڕێگە بە کابینەی ئەو رژێمە دەدا بێ پێویستیی بە بڕیاری دادگە، هەر میدیایەکی دەرەکی کە بەناو "زیانبەخش بۆ ئاسایشی رژێمی زایۆنی" لەقەڵەم بدرێ، دابخاو چالاکییەکەی ڕابگرێ. "عیزەت ئەڕەشق" سەرۆکی ئۆفیسی میدیایی حەماس لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا پێی داگرت؛ "پەسەندکرانی ئەو یاسایە، هەڕەشەی ڕاستەوخۆیە دژی ئازادیی رۆژنامەگەریی و درێژەی سیاسەتی سەرکوتکەرانەی دەنگە ئازادەکان". وتیشی: ئامانجی سەرەکیی ئەو یاسایە، پێش گرتن بە گوێزرانەوەی ڕاستیی تاوانکاریی و دەسدرێژکارییەکانی رژێمی داگیرکەر دژی گەلی فەلەستین بە بیروڕای گشتیی جیهانە. بەقسەی ئەڕەشق، ئەو چەمک و ناوەرۆکەی رژێمی زایۆنی بە "زیانبەخش و جێی مەترسیی بۆ ئاسایش"ی خۆی دەزانێ، لەڕاستیدا، تاوانی کوشت وبڕ، ئاوارەکردن، شارۆچکەسازی، بەجوولەکەکردن، وێرانکردنی ماڵ و خانووبەرەکان و رەنج و ئازارکێشانی خەڵکی فەلەستینی داگیرکراو، ئاشکرا دەکاو دەیکا بە بەڵگەو دێکۆمێنت.

ناوبراو هەروەها وتی: سڕینەوەو لابرانی میدیا بیانییەکان، "جۆرە هەوڵدانێکی لەئەنقەستە بۆ شاردنەوەی ئەو پێشێلکردنە ئاشکرایانە کە دەبێ سزابدرێ و پێوشوێن بگیردرێ" و داواشی کرد لە حکومەتەکان و دامەزراوەکانی مافی مرۆیی، بۆ هەڵوەشاندنەوەی خێرای ئەو یاسایە، رژێمی زایۆنی بخەنەژێر گوشارەوە.

دوکتور "سەعید موعەلا"، کارناسی بواری میدیاش وشداریی دا؛ ئەو یاسایە بەشێکە لە رەوتی دوو ساڵ لەمەوبەری رژێمی داگیرکەر کە لەسەربنەمای سەرکوت، کۆنترۆڵ و بەسەربازیی کرانی کەشی میدیایی ڕۆنراوە. وتیشی: رژێمی زایۆنیستی بە پەسەندکردنی یاسای لەو چەشنە، هەوڵیەتی پێش بگرێ بە بڵاوبوونەوەی راستییەکان لەلایەن میدیا عەرەبی و جیهانییەکانەوە. پەلاماری ئەم دواییەی بۆسەر پەیامنێران و دەسداگرتن بەسەر ئامێرەکانیان، نموونەیەکی ئەو سیاسەتەیە.

سەرپەیڤ