زیاتر لە ٦٥ شەهید و بریندار لە غەززە؛ لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا
وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین ڕایگەیاند، لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا زیاتر لە ٦٥ کەس لە کەرتی غەززە شەهید و بریندار بوون.
وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە ڕایگەیاندووە کە لە ئەنجامی هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر ناوچە جۆربەجۆرەکانی کەرتی غەززە لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا لانیکەم ١٧ فەلەستینی شەهید بوونە.
ئەم هێرشانەش ٤٩ برینداریشیان لێکەوتەوە. هەروەها ڕاگەیەندراوە کە لە سەرلەبەیانی ئەمڕۆوە لانیکەم ١٢ فەلەستینی شەهید بوون. بەم شێوەیە ژماری شەهیدانی فەلەستینی لە قۆناغی بەناو ئاگربڕ لە کەرتی غەززە لە ١١ی ئۆکتۆبەرەوە گەیشتووەتە ٥٠٩ کەس و ژماری بریندارەکانیش هەڵکشاوە بۆ هەزار و ٤٠٥ کەس.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکومیی فەلەستین لە غەززەیش ڕایگەیاندووە کە ڕژێمی زایۆنی لە دوای ڕاگەیەندرانی ئاگربڕەوە تا ئێستا هەزار و ٤٥٠ جار ڕێککەوتنەکەی پێشێل کردووە و هەر لەو ماوەیەشدا ٥٢٤ کەسی شەهید کردووە.