شوبات 22, 2026 13:40 Asia/Tehran
  • کاردانەوەی بەرپرسانی وڵاتانی جهان بەرامبەر قسەکانی باڵیۆزی ئەمریکا

کاربەدەستانی وڵاتانی جۆربەجۆری جیهان بە توندی ئیدانەی لێدوانەکانی باڵوێزی ئەمریکایان کرد سەبارەت بە پشتیوانی لە داگیرکاری ڕژێمی زایۆنی.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا قسەکانی باڵوێزی ئەمریکا لە فەلەستینی داگیرکراوی بە تووندی شەرمەزار کرد و  بێزاری دەربڕی بەرامبەر بەو لێدوانانە. لە بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراقدا هاتووە: ئەو لێدوانانە دەستدرێژییەکی مەترسیدارە کە لەگەڵ بنەماکانی یاسا نێودەوڵەتییەکان و میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان نایەتەوە و سەروەری و سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاکی وڵاتان پێشێل دەکات، ئەمەش لێکەوتەی نەرێنی لەسەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە هەیە. وەزارەتی دەرەوەی عێراق هەروەها پێیداگرت لە سەر هەڵوێستی نەگۆڕی عێراق سەبارەت بە پاڵپشتیکردنی مافی سەروەریی وڵاتان و قبووڵنەکردنی هەرچەشنە سیاسەت یان هەنگاوی لەسەر بنەمای زاڵێتیخوازی و یان سەپاندنی واقیعی زۆرەملێ. 

ئەنجومەنی ڕاوێژکاری ڕێکخراوە ئیسلامییەکانی مالیزیایش ڕایگەیاند کە ئەم جۆرە هەڵوێستانە سەروەریی وڵاتان و یەکپارچەیی خاکی دەوڵەتە سەربەخۆکان تێکدەدەن و شەرعیەت دەدەن بە ئایدۆلۆژیای فراوانخوازی؛ ڕێبازێک کە بە هەڕەشەیەکی جددی بۆ سەقامگیریی ناوچەکە و ئاشتیی جیهانی دادەنرێت. وەزارەتی دەرەوەی مسریش لە بەیاننامەیەکدا قسەکانی مایک هاکبی باڵوێزی ئەمریکا لە تلاڤیڤی شەرمەزار کرد و بە بنپێکەری ئاشکرای مافە نێودەوڵەتییەکان و جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانی هێنایەئەژمار. 

 وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبییش لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا لێدوانەکانی ئەمدواییەی باڵیۆزی ئەمریکا لە فەلەستینی داگیرکراویان بە توندی ئیدانە کرد. ئەم بەیاننامەیە لەلایەن وەزیرانی دەرەوەی پاکستان، ئۆردۆن، ئیمارات، ئەندەنوزیا، تورکیا، سعودیا، قەتەر، کوەیت، عومان، بەحرەین، لوبنان، سوریا و فەلەستین بڵاوکرایەوە؛ دەبیرخانەکانی ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامی، کۆمکاری عەرەبی و ئەنجومەنی هاوکاری کەنداوی فارسیش بەشدارییان کرد لە دەرکردنی ئەو بەیاننامەیەدا.

سەرپەیڤ