دەسدرێژیی رژیمی زایۆنیستی بۆسەر چەند ناوچەیەک لە باشووری لوبنان و غەززە
https://kurdish.sahartv.ir/news/ڕاڤە_و_ڕاپۆر-i447364-دەسدرێژیی_رژیمی_زایۆنیستی_بۆسەر_چەند_ناوچەیەک_لە_باشووری_لوبنان_و_غەززە
سەرچاوە هەواڵییەکان ڕایانگەیاند، تۆپخانەی سوپای رژیمی زایۆنیستی چەند ناوچەیەک لە باشووری لوبنان و غەززەی تۆپباران کردووە. ڕیپۆرتەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکانیش ڕایگەیاند؛ قەبارەی تەقەمەنییەک کە دژی غەززە بەکارهێنراوە، یەکسانە بە شەش بۆمبی ئەتۆم.
(last modified 2026-11-03T12:43:15+00:00 )
تشرینی یه‌که‌م 10, 2026 18:39 Asia/Tehran

سەرچاوە هەواڵییەکان ڕایانگەیاند، تۆپخانەی سوپای رژیمی زایۆنیستی چەند ناوچەیەک لە باشووری لوبنان و غەززەی تۆپباران کردووە. ڕیپۆرتەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکانیش ڕایگەیاند؛ قەبارەی تەقەمەنییەک کە دژی غەززە بەکارهێنراوە، یەکسانە بە شەش بۆمبی ئەتۆم.


سوپای رژیمی زایۆنیستی لە درێژەی دەسدرێژییەکانی بۆسەر لوبنان، شارۆچکەی ئەلمەنسوری، دەورووبەری شارۆچکەی زووتەر شەڕقی و وادی زەبقینی بەقورسی تۆپباران کرد. هەروەها تانک و زرێپۆشەکانی ئەو رژیمە لە شارۆچکەکانی حەداسا و دەورووبەری شارۆچکەی کەفەر، هاوکات لەگەڵ ئاگری قورسی دۆشکاو ڕەشاش، دەستیان کرد بە سوڕانەوەو گەشت لێدان.

بەپێی ڕاپۆری سەرچاوە هەواڵییەکان لە کەرتی غەززە، ترۆمبیلە سەربازییەکانی رژیمی زایۆنیستی بەشێوەیەکی بەرفراوان ناوچە باکووریەکانی خان یونسیان داوەتەبەر پەلامار و بەلەمە جەنگییەکانی ئەو رژیمەش کەنارئاوی خان یونسیان دایە بەر دەسڕێژ و گوللەبارانکردن.

هاوکات فڕۆکەکانی رژیمی زایۆنیش بەشێوەیەکی بەربڵاو ناوچە رۆژهەڵاتییەکانی خان یونسیان دایەبەر دەسڕێژ و تەقە.

لە مەواسیی ڕەفەح لە باشووری کەرتی غەززەش فەلەستینیەک لەئەنجامی تەقەی چەکدارانی رژیمی زایۆنیستی بریندار بووە. هەروەها وەزارەتی تەندروستیی فەلەستینیش ڕایگەیاند کە "شادی ئەحمەد ئیبراهیم عەجارمە"ی تەمەن ٣٢ ساڵان و خەڵکی شارۆچکەی بەیت ئولا، لەبەر کاریی بوونی برینەکانی لە ئەنجامی تەقەی چەکدارانی زایۆنیستی، شەهید بووە. تەرمی ئەو شەهیدە کە دوێنێ هەینی لە نزیک چوار ڕێیانی نەبی یونس لە باکووری ئەلخەلیل دەسڕێژی کرابۆ سەر، هەروا لەدەست رژیمی زایۆنیستی دایە.

ریپۆرتەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بەئاماژە بە جەنایەتەکانی رژیمی زایۆنیستی لە کەرتی غەززە بە پاڵپشتیی ئەمریکا، وتی کە قەبارەو بڕی ئەو تەقەمەنیانەی لە غەززە دەکارهێنراوە، یەکسانە بە شەش بۆمبی ئەتۆم.

فرانچێسکا ئالبانێزێ، ریپۆرتەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە سەرزەوینی فەلەستینی، وێڕای هۆشداریدان لەبارەی تەشەنای کارەساتی مرۆیی لە کەرتی غەززە، پێی داگرت؛ فەلەستینیانی گەمارۆدراو، لەسای درێژەی بۆردومانەکان، بڵاوبوونەوەی پەتاو نەخۆشییەکان، بەدخۆراکی و داڕمانی سیستەمی تەندروستیی و دەرمان، ڕووبەڕووی "مردنیکی بەرەبەرە و هێواش"دەبنەوە.