زاڵ بوون بە سەر گەرووی بابولمەندەب؛ یەکێک لە ئامانجەکانی عەرەبستان لە بەردەوام کردنی شەڕی دژ بە یەمەن
"عەلی محەممەد قائد" بەرپرسی هەواڵگریی یەمەن رایگەیاند ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنی هاوکاریی عەرەبستان دەکەن بۆ ئەوەی بتوانێ زاڵ بێ بە سەر گەرووی بابولمەندەبدا.
"عەلی محەممەد قائد" بە ئاماژە بەوەی کە عەرەبستان چڕی کردۆتەوە لە سەر ئەوەی کە دوابەدوای شکست هێنانی لە پەلامارەکانیدا بۆ سەر ناوچە ئاوەدانەکانی یەمەن بە هەر لەونێک بووە دەس بگرێ بە سەر گەرووی بابولمەندەب، وتیشی: ئەفسەرانێک لە ئەمریکا، بەریتانیا و ڕژێمی زایۆنییەوە فەرماندەرێتیی ژووری ئۆپەراسیۆنی دەسدرێژکارانی سەعوودییان لە گەرووی بابولمەندەبدا بە دەستەوەیە.
عەرەبستانی سەعوودی بە دەسپێکردنی شەڕی دژ بە یەمەن، ئامانجی وەک پێشگری بە دەسەڵات گرتنە دەستی ئەنساروڵڵا، گەڕانەوەی مەندسور هادی بۆ سەرە دەسەڵات و بەردەوام بوونی دزە و دەسەڵاتی خۆی لە داڕشتی سیاسیی یەمەنی لەبەرچاو بوو کە بە تێپەڕینی ٢٢ مانگ لەم شەڕە هیچکام لەو ئامانجانەی نەهاتۆتە دی و دەتوانین عەرەبستان بە دۆڕاوی شەڕی دژ بە هەژارترین وڵاتی عەرەبی ڕۆژهەڵاتی ناڤین ناو ببەین.
هەر بەم پێیە، حکومەتی سەعوودی ئامانجگەلێکی دیکەی لە شەڕی دژ بە یەمەن بۆ خۆی دیاری کردووە تا ئاستی قورسایی شکست هێنانی لەم شەڕە دابەزێنێ. یەکێک لە گرینگترینی ئەو ئامانجانە زاڵ بوون بە سەر گەرووی بابولمەندەبە کە لە نیوان یەمەن، جیبووتی و ئێریترە دایە.
گەرووی بابولمەندەب دەتوانین بە یەکێک لە گرینگترین ناوەندە ستراتژیکە جوگرافییایەکانی جیهان بێنینە ئەژمار کە خاوەنی گرینگایەتییەکی یەکجار زۆرە. ئەم گەروویە لەگەڵ ئەوەی کە خاڵی پێوەندیدەری دەریای سوور و دەریای مەدیتەرانەیە، باشووری ڕۆژاوای ئاسیاش پەیوەست دەکات بە ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا و ئەورووپاوە.
گەرووی بابولمەندەب دەورێکی بەرچاو لە گواستنەوەی وزەی پێویستی جیهان دەگێڕێ. بە پێی توێژینەوەکانی ئیدارەی زانیاریی وزەی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٣دا، ڕۆ ژانە نزیکەی سێ ملوێن و ٨٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە گەرووی بابولمەندەب"ـەوە هەناردە دەکرێ کە نزیکەی ٠٦%ی بازرگانی جیهانە. هەروەها ساڵانە نزیکەی ٢٥ هەزار گەمیی هەڵگری هەموو چەشنە کەل و پەل و شت و مەک لە گەرووی بابولمەندەبەوە تێدەپەڕن.
سەبارەت بە گرینگایەتیی گەرووی بابولمەندەب بۆ عەرەبستانی سەعوودی ئاماژە بە تەنیا یەک خاڵ بەسە و ئەویش ئەوەی کە دەتوانین بڵێین نزیکەی هەموو ئاڵ و وێری بازرگانیی عەرەبستانی سەعوودی لە ڕێگای ئەم گەروویەوە جێبەجێ دەکرێ. هەر بۆیە زۆرێک لە شارەزایان و شرۆڤەکاران بڕوایان وایە کە هۆی سەرەکیی نیگەرانیی عەرەبستانی سەعوودی لە دەسەڵات گرتنە دەستی ئەنسارووڵڵا لە یەمەن، زاڵ بوونی ئەم بزووتنەوە یەمەنییە بە سەر گەرووی بابولمەندەب و کۆنترۆڵ کردنی ئەو گەروویە بوو. هەر بۆیە شرۆڤەکاران و شارەزایان دەڵێن شەڕی عەرەبستان دژ بە یەمەنیش وەک زۆربەی شەڕەکانی دیکەی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین، شەڕێکە بە تەوەرە و سەرچاوەی نەوتییەوە.
هەر بۆیە دەتوانین بڵێین بە درێژخایەن و بێ دەسکەوت بوونی شەڕ لە یەمەن و ناکام مانەوەی ئالی سەعوود لە گەیشتن بە ئامانجە سیاسیی دیاری کراوەکانیان، لە ڕاستیدا زاڵ بوون بە سەر گەرووی بابولمەندەب ، دەبێتە بەرگەی براوەیەک لە شەڕی یەمەندا.
هەر لەم ئاراستەیەدا، ئەمریکا، بەریتانیا و ڕژێمی زایۆنیش لە شەڕی دژ بە یەمەن و بەتایبەت لە هەوڵی ئالی سەعوود بۆ دەس گرتن بە سەر گەرووی بابولمەندەب، داکۆکی لە عەرەبستانی سەعوودی دەکەن، لەبەر ئەوەی کە ئەوانە نایانهەوێ بە چاوی خۆیان ببینن کە گەرووی ستراتژیکی بابولمەندەبیش وەک گەرووی ستراتژیکی هورموز لە دەستی کەسانێکدا بێ کە لە بەرچاوترین تایبەتمەنییەکانیان سەربەخۆیی لە بیر و هزریاندا و هەروەها نەیارەترییان لەگەڵ زالێتی خوازی و خۆوەردانی ڕۆژاوا لە کاروباری ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە.