زاخارۆڤا: خۆبواردنی ڕۆژاوا لە بانگهێشتی دەوڵەتی سووریا بۆ کۆبوونەوەی بروکسێل هەڵە بوو
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا خۆبواردنی وڵاتانی ڕۆژاوایی لە بانگهێشتنی نوێنەرانی دەوڵەتی دیمەشق بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی یارمەتیدانی سووریا لە بروکسێلی پێتەختی بەلژیکی بە هەڵە زانی.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ "ماریا زاخارۆڤا" ڕۆژی پێنجشەممە لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە مۆسکۆ بە ئاماژە بەوەی کە یارمەتیدانی هەر وڵات و گەلێک دەبێ بە شێوەی راستەوخۆ لەگەڵ ئەو وڵاتە و ئەو گەلە هاوکاری بکرێ، وتی: ئێمە نازانین ئەوانەی کە نایانهەوێ دەوڵەتی سووریا لە کۆبوونەوەکانی هاوپێوەند بە سووریا بەشداری بکات ، ئەی دەیانهەوێ یارمەتی کێ بدەن.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا وتیشی: بانگهێشتنی ڕێکخراوە نادەوڵەتییەکانی سووریایی بۆ کۆبوونەوەکەی بروکسێل وەکوو نوێنەرانی سووریا لە کاتێکدایە کە زۆربەی ئەو ڕێکخراوانە لە دەرەوەی سووریادان و ئەوە زۆر بەدوور لە عەقڵ و ئاوەز دێتە بەرچاو.
دووەم کۆبوونەوەی بروکسێل سەبارەت بە سووریا لە کاتێکدا ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی ئاپریل کۆتایی هات کە ئەمریکا خۆی بوارد لە راگەیاندنی یارمەتیی دراوی بۆ داکۆکی لە ئاوارەکان سووریایی و بە هۆی ئەوەی هیچ نوێنەرێکی دەوڵەتی سووریا لەو کۆبوونەوەیدا بەشدار نەبوو، پێگەی سیاسیی ئەو کۆبوونەوەیەش بەرەوڕووی شک و گومان بوویەوە.
هەروەها وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دزە کردنی فەرمانبەرانی ئاسایشیی ئەمریکا دەنێو باڵاخانەی شوێنی نیشتەجێ بوونی سەرکۆنسولی ڕووسیا لە شاری سیاتێلی ئەمریکای بە کردەوەیەکی جێی ڕق و بێزاری و دژ بە یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان راگەیاند.
"ماریا زاخارۆڤا" سەبارەت بە قەیرانی ئێستای ئەرمەنستانیش وتی: بریار سەبارەت بەوەی کە کێ دەبێ لە ئەرمەنستان ببێ بە سەرۆک وەزیران، دەبێ لە نێو خودی ئەم وڵاتەدا و بە پێی ڕێککەوتنی گشتی بدرێ.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا جەختیشی کرد کە کێشەی قەرەباغیش دەبێ لە نێوان ئەرمەنستان و کۆماری ئازەربایجان تەنیا لە ڕێگای ئاشتیانەوە جارەسەر بکرێ.