عەون: ھەنگاوەکانی ڕژێمی ئیسرائیل بووەتە ھۆی دروست بوونی بشێوی لە باشووری لوبنان
سەرۆک کۆماری لوبنان ڕایگەیاندووە: کەڵک وەرگرتنی ڕژێمی زایونی لە ھەرێمی ئاسمانیی لوبنان بۆ پەلاماردانی سووریا بووەتە ھۆی دروست بوونی بشێوی لە ناوچە سەرسنوورییەکانی باشووری لوبنان.
تەلەفزیۆنی دەوڵەتیی سووریا ڕۆژی سێ شەممە ڕایگەیاند: ئەو موشەکانەی کە لە لایەن فڕۆکەشەڕکەرەکانی ڕژێمی زایونییەوە گیراونەتە دیمەشق لە ئاسمانی لوبنانەوە ھاوێژراون.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا،«میشێل عەون» سەرۆک کۆماری لوبنان لە دیدار لەگەڵ «یلن کوبیش» ڕێکخەری تایبەتیی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری لوبنان، وتی: ڕژێمی ئیسرائیل بە کەڵک وەرگرتن لە ھەرێمی ئاسمانیی لوبنان بۆ بوردومان کردنی سووریا لە ڕاستی دا سەروەریی لوبنان و بڕیارنامەی ١٧٠١ی ئەنجومەنی ئاسایشتی پێشێل کردووە.
«عەون» وتیشی: لوبنان لە ئێستادا توشی سێ گرفت ھاتووە، یەکەم زیانی زیاتر لە ٣٠ ملیارد دۆلار کە لە بەر ئامادە بوونی ئاوارەکانی سووری لەم وڵاتە لێی کەوتووە،دووھەم تەشەنای ڤایرۆسی کۆرۆناو سێھەم ڕەوشتی ئابووریی دژواری لوبنان.
لەم ڕۆزانەدا ناڕەزامەندیی دەربڕینی خەڵک لە نێو شەقام و بازاڕەکانی لوبنان بە رامبەر بە ڕەوشتی نالەباری ئابووری زیاتر پەرەی سەندووە.