شەرمەزارکرانی پەلامارەکانی تورکیا لە لایەن کۆمکاری عەرەبیەوە
کۆمکاری عەرەبی ئەمڕۆ دوشەممە ھەڵمەتی سەربازیی تورکیا بۆسەر باکووری عێراقی شەرمەزار کرد و بە دەستدرێژی بۆسەر سەروەریی ئە وڵاتەی زانی .
کاربەدەستێک لە سکرتاریەتی کۆمکاری عەرەبی ، بە دەرکردنی بەیاننامەیەک رایگەیاند ، ئەم کۆمکارە دەستوەردانی بەردەوامی تورکیا لە باکووری عێراق بە بیانووی بەرەنگاربووونەوەی پەکەکە شەرمەزار دەکات و لە حکومەتی تورکیای دەوێ ھەرچی خێراتر و بێ شەرتومەرج ھێزەکانی لەم وڵاتە بباتەدەرەوە .
بە گوێرەی بەیاننامەکە ، دەستوەردانی سەربازیی تورکیا لە خاکی عێراق دەستدرێژیی ئاشکرا بۆسەر سەروەریی ئەم وڵاتەیە و ھەڕەشەیە بۆسەر ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتانی عەرەبیی .
کۆمکاری عەرەبیی ھەروەھا پشتیوانیی خۆی لە حکومەتی عێراق راگەیاند بۆ گرتنە بەری ھەنگاوی پێویست بە پێی یاسا و رێسا نێودەوڵەتیەکان لە بارەی دەرکردنی ھێزەکانی تورکیا لەم وڵاتە بە ئامانجی پتەوکردنی سەروەریی عێراق .
وەزارەتی بەرگری تورکیا دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنێکی فراوانی لەسنوری مەخمورو شەنگال و چەند ناوچەیەکی تر ناو خاکی هەرێمی کوردستان راگەیاند.
وەزارەتی بەرگری تورکیا لەو راگەیەنراوەیدا، ئاشکرایکردوە:" ئۆپراسیۆنێکی گەورەمان بۆ سەر بارەگاکانی پەکەکە لەهەرێمی کوردستان بە بەشداری فڕۆکەکانی جۆری ئێف 16 دەست پێکردوە ".
بەپێی راپۆرتەکان چەندین فڕۆکە لەناوچەکانی مەخمورو شەنگال و زاب و قەندیل بۆردومانی بارەگاکانی پەکەکەیان کردووە .
ژمارێک سەرچاوەی هەواڵ ڕایانگەیاند، ٣١ فڕۆکەی جۆری ئێف ١٦ی سوپای تورکیا لەو هەڵمەتەدا بەشداربوون.