دەستدرێژیی عەرەبستان بۆ سەر یەمەن بە دەیان شەهید و بریندارەوە
ڕژێمی ئالی سەعوود پاش پەلاماری دڕندانەی بۆ سەر بازاڕێک لە پارێزگای تەعێز کە دەیان شەهید و برینداری لێکەوتەوە، ئەمجارە کۆمەڵەبینایەکی نیشتەجێبوونی لە شاری بەنی حەشیش بۆردومان کرد.
عەبدولعەزیز دەیلەمی سەرۆکی نەخۆشخانەی سیحەتنا، باسی گوازرانەوەی تەرمی ٢٢ شەهید و ٣٠ بریندار بۆ نەخۆشخانەکەیانی کردووە، دوابەدوای پەلاماری فڕۆکە جەنگییەکانی سەعوودی بۆ سەر گوندی ئەشەرییەی سەر بە شاری بەنی حەشیش لە ڕۆژهەڵاتی سەنعا. فڕۆکە جەنگییەکانی سەعودیا نزیکەی ٦ ماڵی ئەم گوندە و هێزەکانی فریاگوزاریشیان بۆردومان کردووە و بە بۆردومانی بێوچان پێشیان دەگرت بە گەیشتنی هێزەکانی فریاگوزار بە شوێنی بۆردومانکراو. وەزارەتی تەندروستیی یەمەن ڕایگەیاند، ژماری گشتیی قوربانیانی دەستدرێژیی سعودیا بۆ سەر یەمەن لە دەستپێکی تەشەنەکردنی گرژییەکانەوە تا ئێستا گەیشتۆتە ٩٨١ شەهید و بریندار. ناوەندی ڕێکخستنی کاروباری مرۆدۆستانەی نەتەوە یەکگرتووەکان ناسراو بە (ئوچا)ـیش ڕاگەیاندووە، لەو پەلامارانەی کراوەتە سەر یەمەن، ژمارەی ئاوارەکانی ئەم وڵاتە لە دەستپێکی مانگی ئاگۆستەوە تا ئێستا گەیشتووەتە ٣١٣ هەزار کەس.