ته‌مووز 06, 2020 18:38 Asia/Tehran
  • قوباد تاڵەبانی: تا گەیشتن بە رێککەوتنی گشتداگر گفتوگۆکان له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌رده‌وام ده‌بن

جێگری سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان له‌میانی کۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ کونسوڵی گشتیی فه‌ره‌نسا له‌ هه‌رێم رایگه‌یاند: "گفتوگۆکان بە‌ردە‌وام دە‌بن لە‌گە‌ڵ حکومە‌تی عیراق تا ئە‌وکاتە‌ی دەگەینە رێککەوتنێکی گشتگیر بۆ چارە‌سە‌رکردنی کێشە‌ ھە‌ڵپە‌سێردراوە‌کان".

 

بە پێی  ھەواڵێکی ؛ وێستگە نیوز ؛ ، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 6ی ته‌مموزی 2020، لە درێژەی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ کۆنسوڵ و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی، قوباد تاڵە‌بانی، جێگری سەرۆکی ئە‌نجومە‌نی وەزیران لە شاری‌ ھە‌ولێر لەگەڵ ئۆلیڤیێ دیکۆتینی، کۆنسوڵی گشتی فەڕەنسا لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دۆخی ئەمنی ناوچەکە بە گشتی و عیراق و ناوچە کێشە لەسەرەکان بە تایبەتی کرا، هاوکات گفتوگۆکانی نێوان ھە‌رێم و بە‌غدا سە‌بارە‌ت بە‌ کێشە‌ ھە‌ڵپە‌سێردراوە‌کان تە‌وە‌رێکی دیکەی کۆبوونە‌وە‌کە‌ بوون.

سەبارەت بە گفتۆگۆکانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، قوباد تاڵە‌بانی باسی لە‌ دوایین پەرەسەندنی دانووستانەکانی نێوان هەولێر و بەغدای کرد و رایگەیاند: گفتوگۆکان بە‌ردە‌وام دە‌بن لە‌گە‌ڵ حکومە‌تی عیراق تا ئە‌وکاتە‌ی دەگەینە رێککەوتنێکی گشتگیر بۆ چارە‌سە‌رکردنی کێشە‌ ھە‌ڵپە‌سێردراوە‌کان.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا دۆخی ئەمنی ناوچە کێشە لەسەرەکان باس لە گرنگیی هەماهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عیراق کرا لە‌و ناوچانە‌دا به‌تایبه‌ت دوای ئەوەی ئەزمونی چەند ساڵی رابردوو و هەڕەشە بەردەوامەکانی داعش دەریخست بەبێ هەماهەنگیی زیاتری نێوان هەرێم و بەغدا، ئەستەمە لەڕووی ئەمنییەوە سەقامگیری لەو ناوچانە مسۆگەر بکرێت.

بۆچوونت