ئه‌یلوول 20, 2020 08:51 Asia/Tehran
  • ئەمڕۆ یەکشەممە شاندێکی هەرێم دەچێتە بەغداد

سه‌رچاوه‌یه‌ک له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم رایگه‌یاند، ئێواره‌ی ئەمڕۆ یه‌کشه‌ممه‌ شاندێکی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ستراتیژییەتی بودجە دەچێتە بەغداد و له‌گه‌ڵ عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی کۆده‌بێته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌ک له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم به‌ میدیای شارپرێسی راگه‌یاند: شاندی هه‌رێمی کوردستان که‌ پێکهاتوە لەزاگرۆس فەتاح، بریکاری وەزارەتی پلاندانان و پەروین نوری بەڕێوەبەری گشتی بودجە لەوەزارەتی دارایی هەرێم، سبه‌ی یه‌کشه‌ممه‌ سه‌ردانی به‌غداد ده‌کات و بڕیاره‌ رۆژی دووشەممە بەشداری کۆبوونەوەکانی ستراتیژییەتی سێ ساڵی داهاتووی بودجە بکەن.

 به‌گوێره‌ی زانیاریه‌کان، شانده‌که‌ی هه‌رێم له‌گه‌ڵ لیژنەی باڵای ستراتیژییەتی بودجە کە له‌لایه‌ن عەلی عەللاوی وەزیری دارایی سه‌رۆکایه‌تی ده‌کات کۆده‌بێته‌وه‌و سه‌باره‌ت به‌ستراتیژیەتی بودجەی عێراق بۆ ساڵەکانی 2021و 2022و 2023 گفتوگۆ ده‌که‌ن.

بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی عێراق، دەبێت تاوەکو ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەم، پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی بچێتە پەرلەمانی عێراق بۆ په‌سه‌ندکردن.

ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌په‌رله‌مانی عێراق رایگه‌یاند، "پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی ساڵی 2020 بریتییه‌ له‌ 188 ترلیۆن دیناری خه‌رجی و 67 ترلیۆن دینار داهات و نرخی نه‌وتیش 40 دۆلاره‌، واتا ئه‌و بودجه‌یه‌ کورتهێنانی 81 تریلیۆن دیناری هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش زیاتر به‌قه‌رز پڕ ده‌کرێته‌وه‌".

باسی له‌وه‌شکردووه‌، گه‌یشتنی پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ به‌و شێوه‌یه‌ به‌حکومه‌ت واتای وایه‌ بودجه‌که‌ ته‌نها بۆ قه‌رزی زیاتر ئاماده‌کراوه‌.

سەرپەیڤ