گەشتی ئاسمانیی نێوان سلێمانی و تورکیا دەستپێدەکاتەوە
بڕیارە کۆتایی ئەم مانگە یەکەم گەشتی ئاسمانی لەنێوان فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و تورکیا ئەنجامبدرێت کە کۆمپانیایەکی بواری ئاسمانی تورکیا دەیکات.
تاهیر عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لەبارەی دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی بە PUKmediaی راگەیاند: بڕیارە رۆژی 30ی ئەیلولی 2020 کۆمپانیای (ئۆن یۆر ئور)ی تورکی یەکەم گەشتی ئاسمانیی خۆی کە بەشێوەی ئەزمونی دەبێت لەئەستەنبوڵەوە بۆ سلێمانی و بەپێچەوانەوە دەستپێبکات.
وتیشی: گەشتی ئاسمانی ئەو کۆمپانیایە بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی بەیەکەم گەشتی ئاسمانی نێوان فڕۆکەخانەی سلێمانی و تورکیا دادەنرێت کە بەهۆی پەتایی کۆرۆناوە لەسەرەتای مانگی ئاداری ئەمساڵەوە سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان فڕۆکەخانەی سلێمانی و تورکیا هاوشێوەی گەشتی وڵاتان بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی وەستاوە.
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی باسی لەوەشکرد کە کۆمپانیاکە ئاگاداری کردوینەتەوە بەئەنجامدانی یەکەم گەشتی، بەڵام ئەم کۆمپانیایە جیاوازە لەکۆمپانیای تورکیش ئێرلاینی تورکی و کۆمپانیاکانی تری بواری فڕۆکەوانی تورکیا کە تائێستا گەشتەکانیان دەستپێنەکردوەتەوە.