شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق: 5 مووشەک بۆ تێگرتن لە هەولێر ئامادە کرابوون کە پووچەڵ کرانەوە
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق بڵاویکردەوە، بەپشت بەستن بەزانیاری هەواڵگری ئەمڕۆ دوشەممە هێزەکانیان لە سنوری گوندی ئیحساری سەر بە ناحیەی پردێ دەستیان بەسەر پێنج موشەکدا گرتوە کە بۆ "تەقاندن بەئاڕاستەی هەولێر" ئامادە کرابوون.
بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، دوای وەرگرتنی زانیاری لەلایەن نوسینگەی دژەتیرۆر لە دوبز، هێزەکانی پۆلیسی ناحیەی پردێ لە سنوری گوندی ئیحسار دەستیان بەسەر 5 موشەکدا گرتووە کەشەوی رابردوو لەلایەن ژمارەیەک کەسی نەناسراوە ئامادەکراون بۆ کردنەئامانجی چەند شوێنێک.
بەگوێرەی زانیارییەکانی بەرپرسانی پێشمەرگە لەمیحوەری پردێ، ئەو موشەکانە بە ئاراستەی سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە سنوری پردێ ئامادە کراون، بەڵام دوای ئەوەی خەڵکی ناوچەکە هێزە ئەمنییەکانیان ئاگادارکردونەتەوە و ئەوانیش چونەتە شوێنی موشەکەکان و هەوڵی گروپێکی چەکدار بۆ کردنەئامانجی پێشمەرگە و هەولێر پوچەڵکراوەتەوە.
هاوکات پەیامنێری خەندان لەکەرکوک رایگەیاند، شەوی رابردو هێزێک لەسنوری گوندی ئیحسار لەلایەن هاوڵاتیانی گوندەکەوە بینراون کە ئەو موشەکانەیان داناوە، بەڵام نەزانراوە کێ بوون و شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراقیش زانیاری لەبارەی ئەو لایانە دەستنەکەوتووە کە ئەو موشەکانەی لەو ناوچەیە داناون.
لەئێستادا هێزە ئەمنییەکانی پارێزگای کەرکوک چوونەتە شوێنی روداوەکە و لێکۆڵیەوەیان لەروداوەکە و ئەو لایانەی هەستاون بە دانانی موشەک و کردنەئامانجی هێزە ئەمنییەکان،دەسپێکردووە .