کانونی دوھەم 21, 2023 21:37 Asia/Tehran
  • بارزانی: ھەرێمی کوردستان پشتیوانیی خۆی بۆ «محەمەد شیاع سودانی» دووپات دەکاتەوە

«بارزانی» سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا لە ساڵیادی شەھید کرانی «ئایەتوڵڵا محەمەد باقڕ حەکیم» ڕایگەیاند: هەرێمی کوردستان پشتیوانی خۆی بۆ «محەمەد شیاع سودانی» دووپات دەکاتەوە و داوای جێبەجێکردنی بەندەکانی رێککەوتنی پێکهێنانی حکومەتی عێراقیش دەکات.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستان، «بارزانی» سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆژی شەممە لە لێداوانێکدا لە نەریتی «شەهیدی میحراب» کە بۆ یادی شەھید بوونی «ئایەتوڵڵا محەمەد باقڕ حەکیم» ڕابەری پێشوتری ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق لە بەغدای پێتەخت بەڕێوە چوو، ڕایگەیاند: هەرێمی کوردستان پشتیوانیی خۆی بۆ «محەمەد شیاع سودانی» دووپات دەکاتەوە و داوای جێبەجێکردنی بەندەکانی رێککەوتنی پێکهێنانی حکومەتی عێراقیش دەکات.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەوەش کردەوە، داوا دەکات دەستوری عێراق پێشێل نەکرێت و سیستمی بەڕێوەبردنی عێراق بە کردەوە فیدڕاڵی بێت، جەختیش دەکاتەوە لەوەی فرەنەتەوەیی و فرە پێکهاتەیی نیشانەی بەهێزیی عێراقە.

«بارزانی» وتیشی: دەستور گرێبەستێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی نێوان هەموو پێکهاتەکانی عێراقەو نابێت بەمشێوەیەی ئێستا پشتگوێ بخرێت، بەڵکو دەبێت بە تەواوی جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەوەی خەڵک خۆی لە پڕۆسەی سیاسی عێراق بە دوور نەبینێت.

باڵاترین کاربەدەستی ھەرێمی کوردستانی عێراق وێڕای ئاماژە کردن بەوەی کە، بەغداد دەبێ بەپێی ماددە دەستوورییەکان رێز لە هەرێم و هەموو ناوچەکانی عێراق بگرێت و مافەکانیان بدات، وتیشی: بێگومان بە جێبەجێکردنی دەستوور بەغداد بەهێزتر دەبێت و ئێمەش پشتیوانیی ئەوە دەکەین کە حکومەتێکی هێزمەند لە عێراق دا بوونی هەبێت.

«بارزانی» تیشکیشی خستە سەر پەیوەندییەکانی قوڵ و برایانەی شەھید «ئایەتوڵڵا محەمەد باقڕ حەکیم» لەگەڵ سەرکردەکانی کورد لە سەردەمی ڕابردووداو وتیشی: بە ھەموویانەوە ھەوڵیان بۆ ئەوە بوو کە، ئۆپۆزسیۆنی عێراقی یەکبخەن لە ئاراستەی دژایەتیکردنی دیکتاتۆریەت، پێکەوە لە ھەوڵیش دا بوون پێگەی عێراق لەسەر ئاستی جیهان بەرەوپێش ببەن.

ئەم کەسایەتییە سیاسییەی ھەرێمی کوردستان کاربەدەستانی حکومەتی بەغداشی دڵنیا کردەوە کە، «لە روانگەی ئێمەوە هەرێم و ناوچەکانی عێراق دوژمنی یەکتر نین»و وتیشی: پێویستە پێکەوە کاربکەین و خاڵی لاوازی خۆمان پیشانی دەرەوە نەدەین، ئێمە پێویستمان بە چەسپاندنی سیستمێکی دیموکراتە کە رێز لە هەموو ئایین و نەتەوەکان بگرێت.

جێگای ئاماژەیە، نەریتی «شەهیدی میحراب» لەلایەن «عەممار حەکیم» رابەری ڕەوتی حیکمەتی نیشتیمانی و بە بەشداریی ھەر چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق و بەڕێز«بارزانی» سەرۆکی هەرێمی کوردستان و کۆمەڵێکی تر لە بەرپرسان و کەسایەتییەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان لە بەغدای پێتەخت بەڕێوە چوو.

سەرپەیڤ