کانونی دوھەم 26, 2023 23:37 Asia/Tehran
  • بارزانی و ئەردوغان پێکەوە کۆبوونەوە

«بارزانی» سه‌رۆکی هه‌رێمی ‏کوردستان ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ به‌سه‌ردانێک گه‌ییشته‌ ئه‌نقه‌ره‌ و له‌گه‌ڵ «ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردوغان» سەرۆک کۆماری تورکیا کۆبووه‌وەو له‌کۆبوونه‌وه‌که‌شدا، گفتوگۆ له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی هه‌ولێر و به‌غدا و چاره‌سه‌ریی کێشه‌کانی نێوان هه‌ردووک لا کرا.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستان، به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێکی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردستان، له‌ کۆبونه‌وه‌که‌ی نێوان «بارزانی» و «ئەردوغان» په‌یوه‌ندییه‌کانی عێراق و هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ تورکیا، دۆخی ‏سیاسیی عێراق و هه‌رێمی کوردستان، به‌تایبه‌تی دوای ده‌ستبه‌کاربوونی کابینه‌ی ‏نوێی حکومه‌تی فیدراڵیی عێراق، په‌یوه‌ندییه‌کانی هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆی ‏چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی نێوانیان و ده‌رفه‌ته‌کانی هاریکاریی عێراق و هه‌رێمی ‏کوردستان له‌گه‌ڵ تورکیا له‌ بواری وزه‌دا، تاوتوێکران.

هه‌ر به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌که‌ی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم، هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ خواستی دولایه‌نه‌ بۆ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌کانی هه‌رێمی ‏کوردستان و تورکیا له‌ هه‌موو بواره‌کاندا کرده‌وه‌، به‌تایبه‌تیش بواری بازرگانی و ‏ئابوری و سودوه‌رگرتن له‌و‌ ده‌رفه‌تانه‌ی بۆ فراوانکردنی هاریکاریی هاوبه‌شی ‏عێراق و هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ تورکیا له‌ بواری وزه‌دا هاتوونه‌ته‌ ئاراوه‌ که‌ ‏ده‌کرێت ڕۆڵی کارای هه‌بێت له‌ پڕکردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشایی و پێویستییه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ ‏جیهان و به‌تایبه‌تی له‌ ئه‌وروپا له‌ بواری وزه‌ و گازی سروشتیدا دروست بووه‌.

سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کردووه‌، گرنگیی پته‌وکردنی هاریکاری و هه‌ماهه‌نگیی عێراق و هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ ‏تورکیا بۆ پاراستنی ئاسایشی سنوور، دوایین پێشهاته‌کانی شه‌ڕی دژی تیرۆر و ‏مه‌ترسییه‌کانی داعش له‌ عێراق و سوریا، دۆخی ناوچه‌که‌ به‌گشتی و چه‌ند پرسێکی ‏دیکه‌ی جێی بایه‌خی هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێکی دیکه‌ی کۆبونه‌وه‌که‌ی نێوان ھەردووک سەرکردەکە بوون.

سەرپەیڤ