چوونەدەری هێزە ئەمریکی و نێودەوڵەتییەکان لە بنکەی ئاسمانیی هەولێر
کشانەوەو چوونەدەری هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتی ئەمریکا لە بنکەی ئاسمانیی هەریر لە هەولێری عێراق دەسپێبوو. وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانی عێراقیش ڕایگەیاند؛ چوونەدەری ئەمریکا لەو ناوچە بێ هێنانەدی سیستەمی بەرگریی، جێی نیگەرانییە.
بەپێی ڕاپۆری میدیا عێراقییەکان، دوابەدوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتی ئەمریکا لە بەغداو گوێزرانەوەیان بۆ ئوردون، هێزە ئەمریکییەکانی جێگیر لە هەولێریش بەهەموو کەرەستەو جەهازاتەوە سەرەتا گوێزرانەوە پارێزگای دهۆک و لەوێشەوە بۆ بنکەی ئەمریکا لە ئینجرلیکی تورکیا ڕاگوێز کران.
بەپێی ئەو ڕاپۆرە هیچ سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانی و چەکئامێریی قورسی سوپای ئەمریکا لە هەولێردا نەماوە. بنکەی ئاسمانیی ئینجرلیک لە دەیەی پەنجای زایینی سەدەی ڕابردوو لە نزیک شاری ئادانای تورکیا دامەزراوەو یەکێ لە بنکە گرینگەکانی ئەمریکا لە ناوچە بەئەژمار دێ.
ئەو کارە رۆژێک دوای ڕاگەیێندرانی هەواڵی چوونەدەری دواسەربازی ئەمریکی لە کەمپی ڤیکتۆریا لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا ئەنجامی گرتووە. دەزگەی میدیایی ئەمنیی عێراق رۆژی دووشەممە ٢٨ی سیپتەمبەر لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە پرۆسەی رادەستکرانی فەرمیی بنکەی سەرەکیی هێزە ئەمریکییەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا بەلایەنی عێڕاقی، تۆکمەکراوە.
بەشی میدیایی ئەمنی عێراق جەختی کرد؛ گواستنەوەی ئەو بنکە لە چوارچێوەی "تۆکمەکرانی گواستنەوەی بەرپرسایەتییەکان بە لایەنی عێڕاقی و چەسپاندنی سەروەریی نیشتمانی بەسەر هەموو ناوەندو دەزگە گرینگەکان، ئەنجامی گرتووە.
رادەستکرانی ئەو بنکە لە سەروبەندی کۆتایی هاتنی مۆڵەتی دیاریکراو بەمەبەستی کۆتایی هێنان بە فەرمانبەرێتی سەربازیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق ئەنجام دەگرێ. بەغداو واشنگتۆن پێشتر لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون کە فەرمانبەرێتی سەربازیی هاوپەیمانی هەتا کۆتایی سیپتەمبەری ٢٠٢٦ کۆتایی پێ بێ و پەیوەندییەکانی دوو وڵات بچێتەنێو قۆناخێکی تازەی هاوکاریی دوو قۆڵیی. لەهەمان کاتدا، وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانی عێراقیش لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند؛ چوونەدەری هێزە ئەمریکییەکان لە هەرێمی کوردستان لە هەلومەرجی ئێستای ناوچەدا، بێ دابینی هیچ چەشنە سیستەمێکی بەرگریی، جێی نیگەرانیە.