ڕووداوەکانی جیهان لەسەد چرکەدا 29-12-2024 / ئامادەباشی لە فەلەستینی داگیرکراو
کاتی بڵاوبوونەوە: 13:30
ئامادەباشی لە فەلەستینی داگیرکراو
میدیا ئیسراییلییەکان لەقاویان داوە کە سیستەمی بەرگریی "حیتس" و "تاد" لە ناوەڕاستی فەلەستینی داگیرکراو لە ترسی هێرشی مووشەکیی یەمەن لە حاڵەتی ئامادەباشیدان.
لێدانی هێزی سەربازیی هەڵاتووی سوپای سوریا
حکومەتی لوبنان ڕۆژی ڕابردوو ٧٠ ئەفسەر و سەربازی ڕادەستی سەرهەڵداوانی سووری کرد کە پاش ڕووخانی حکومەتی بەشار ئەسەد ڕایانکردبوو بۆ لوبنان.
یەکگرتووی ئیسلامی بەشدار نابێ لە حکومەت
شێرکۆ جەودەت یەک لە ئەندامانی دەستەی سەرکرایەتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان جەختی کرد لە سەر بڕیاری پارتەکەی سەبارەت بە بەشداری نەکردن لە کابینەی تازەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا.
دیداری نوێنەرانی دەم پارتی لەگەڵ ئۆجالان
"سورەیا ئوندەر" و "پەروین بوڵدان" نوێنەرانی دەم پارتی لە هەنگاوێکی کەم وێنەدا ئێوارەی دوێنێ خۆیان گەیاندە دوورگەی ئیمرالی و لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری زیندانیی پەکەکە دیداریان کرد.
ئەلقاعیدەی یەمەن ١١ کەسی لەسێدارە دا
گرووپی تیرۆریستیی "ئەلقاعیدەی شێوەدوورگەی عەرەب" کە بە "ئەلقاعیدەی یەمەن"یش بە ناوبانگە، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند کە ١١ کەسی کە پێشتر ڕفاندبوونی، بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ دوژمن لەسێدارە داوە.
پوتین داوای لێبووردنی کرد لە عەلیەف
کرێملین لە راپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە ڤیلادیمیر پوتین داوای لێبووردنی لە ئیلهام عەلییەف کرد لەبەر کەوتنەخواری فڕۆکەی موسافیرهەڵگری ئازال لە ئاسمانی ڕووسیادا و هاوخەمی دەربڕی لەگەڵ بنەماڵەی قوربانیان.
سەرکەوتنی فۆتۆگرافەری بۆکانی لە فێستیڤاڵی وێنەی کەنەدا
سەرۆکی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی بۆکان وتی: "شێرکۆ مام ئاقا" وێنەهەڵگری خەڵکی ئەم شارە لە فستیڤاڵی نێودەوڵەتیی "جۆرج بارکێری کەنەدا ٢٠٢٤"دا خەڵاتی "رۆبانی فیاپ"ی بردەوە.