درێژەی پێشێلکارییەکانی ئاگربەست لە کەرتی غەززە لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە
سەرچاوەکانی هەواڵ ڕایانگەیاند کە ڕژێمی زایۆنی بە تۆپبارانی ناوچەکانی دەوروبەری غەززە جارێکی دیکە ڕێککەوتنی ئاگربەستی پێشێل کردووە
میدیاکانی فەلەستین ئەمڕۆ ڕایانگەیاند کە تۆپخانەکانی ڕژێمی زایۆنی ئۆردوگای جبالیا لە باکووری کەرتی غەززەیان تۆپباران کردووە. هەروەها هێزە داگیرکەرەکان ژمارەیەک بینای نیشتەجێبوونیان لە ڕۆژهەڵاتی گەڕەکی ئەلزەیتون لە ڕۆژهەڵاتی شاری غەززە تێکڕووخاند. هەروەها گەڕەکی ئەلتوفاح لە ڕۆژهەڵاتی شاری غەززە ش شایەتی تۆپبارانی بەرفراوانی ڕژێمی زایۆنیستی بوو.
لە هەواڵێکی دیکەدا، هێزەکانی ڕژێمی زایونی ماڵ و ناوەندە بازرگانییەکانی شاری سەعیر هەڵكەوتوو لە باکووری ئەلخەلیل و توباس و شارۆچكەی تەمون لە کەرتی ڕۆژئاوا و کەمپی عەین سوڵتان هەڵكەوتوو لە باکووری ئەریحایان کردە ئامانج و خانوویەکی نیشتەجێبوونیان لە ناوچەی دێر عەسەل فوقا - لە باشووری ئەلخەلیل و چەند خانوویەکی سەر بە فەلەستینییەکانیان لە بەرتەعەی هەڵكەوتوو لە ڕۆژئاوای جێنینان تێكڕووخاند . زایۆنیستەکان هاوكات لە گەڵ چوون بۆ ناو ئۆردوگای ئەلفوار لە باشووری خەلیل گازی فرمێسکڕێژیان بڵاو كردەوە و فەلەستینییەکیان دەستبەسەر کرد.
وەزارەتی تەندروستی فەلەستین لە غەززە هەروەها لە ڕاپۆرتی ئاماری ڕۆژانەی خۆیدا ڕایگەیاند کە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا تەرمی ٨ شەهید کە ٣ کەسیان لە ژێر داروپەردووەوە هێنڕاونەتە دەر بۆ نەخۆشخانەکانی کەرتی غەززە گواستراونەتەوە و ٢٠ کەسیش بریندار بوون. وەزارەتەکە ڕایگەیاند کە کۆی گشتی شەهیدانی غەززە گەیشتووەتە ٧٢٠٤٥ کەس و ژمارەی بریندارانی فەلەستینی لە غەززە گەیشتووەتە ١٧١ هەزار و ٦٨٦ کەس.
لە لایەکی دیکەوە حازم قاسم وتەبێژی بزووتنەوەی حەماس بە توندی ڕەخنەی لە كارشكێنییەكانی ڕژێمی زایونی لە دەروازەی ڕەفەح گرت و ڕایگەیاند کە داگیرکەران بە ڕێگریکردن لە تێپەڕبوونی سەرنشینەکان و کەمکردنەوەی ئاشكرای ڕێژەی ڕێککەوتنکراو ناوەڕۆكی ئاگربەست و یاسا نێودەوڵەتییەکانیان بە ڕاشكاوی پێشێل کردووە، و پابەند نین بە ئەرکەکانیان.
ڤۆڵکەر تورک، کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، بڕیارەکانی ئەم دواییەی ڕژێمی زایونی بۆ دەستبەسەرداگرتنی زەویەكان لە کەرتی ڕۆژئاوا بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافی گەلی فەلەستین لە دیاری كردنی چارەنووسی خۆیان وەسف کرد و داوای هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی ئەم بڕیارەی کرد. ناوبراو زیادی کرد: فەلەستینیەکان لە بەشگەلێك لە ئەلخەلیل بۆ وێنە دەڤەری مزگەوتی ئیبراهیمی، لە بیناسازی بێ بەش كراون .
سەپاندنی کۆنترۆڵی ئیداری بەسەر مزگەوتی بیلال بن ڕەباح لە بەیتولەحمیش پێشێلكردنی مافی فەرهەنگی بە ئەژمار دێت .