ڕووداوەکانی جیهان لەسەد چرکەدا 30-12-2024 / ئیسرائیل٨٨هەزار تۆن بۆمبی لە غەززە بەکارهێناوە
کاتی بڵاوبوونەوە: 11:30
١.
ئیسرائیل٨٨هەزار تۆن بۆمبی لە غەززە بەکارهێناوە
ناوەندی ڕاگەیاندنی حەماس لە غەززە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، رژیمی زایۆنی لە کەرتی غەززە ٨٨هەزار تۆن بۆمب و ماددەی تەقینەوەی بەدژ ئەو ناوچەیە بەکارهێناوە کە سەتی٨٦ی ڕووبەری ئەو دەڤەرە بەتەواوەتی وێران بووەو خەسارە بەراییەکەی زیاتر لە٣٧ملیار دۆلارە.
هەروەها لەو پەلامارانەدا، ٤٣٧هەزار و ٦٠٠یەکەی نیشتەجێبوون لەناوچوون.
٢.
هەسەدە گەیشتە شاری مەنبەج
میدیاکانی هەسەدە ڕایانگەیاندووە: دوابەدوای پێشڕەوییەکانی ئەمشەوی هێزەکانمان بەرەو ناوەندی شاری مەنبج، لە ئێستادا بەشێک لەهێزەکانی کۆماندۆی هە.سە.دە، لە دەروازەی ڕۆژهەڵاتەوە چونەتە ناو بەشێک لەگەڕەکەکانی ڕۆژهەڵاتی مەنبەج و شەڕێکی سەخت لەو گەڕەکانەی شارەکەدا بەردەوامە.
٣.
ئاسایشی سوریا کەوتووەتەدەست ئەندامانی پێشووی ئەلقاعیدە
"عودەی عەبدولهادی" یەک لە ڕێبەرانی هاوپەیمانیی فەتحی عێراق پێی داگرت، ئەمڕۆکە، کەسانێک ئاسایشی شار و گوندەکانی سوریایان گرتووەتەدەست کە پێشتر لە ریزەکانی ڕێکخراوی ترۆریستیی ئەلقاعیدەو گرووپەکانی دیکەدابوون لە عێراق و تاوانی زۆریان دەرحەق هەزاران کەسی بێتاوان ئەنجام داوە.
٤.
لاڤرۆف: ئامادەبوونی ئۆکرانیا لە ناتۆ، هێڵی سوری ڕووسیایە
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا وتی: مۆسکۆ ڕازی نابێ بەوەی بەئەندامبوونی کی یێف لە ناتۆدا دوابکەوێ یان هێزی ئاشتی پارێزی ئوروپا لە ئوکرانیا جێگیربکرێت.
"سێرگئی لاڤرۆف" وتیشی: ڕووسیا هیچ هەواڵێکی لەلایەن تیمی ترامپەوە سەبارەت بە دانوستان بۆ چارەسەریی کێشەی ئۆکرانیا پێ نەگەیشتووە.
٥.
خۆپێشاندانی دەیان هەزار کەس دژ بە حکومەتی ئیسپانیا
دەیان هەزار کەس لە خەڵکی ئیسپانیا بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بە کردەوەی بەرپرسانی حکومەتیی لەهەمبەر لافاوی مەرگهێنی ئەو وڵاتە، خۆپێشاندانێکی بەرفراوانیان لە "ڤالنسیا" بەڕێوەبرد.
پۆلیسی ئیسپانیا ڕایگەیاند کە لە خۆپێشاندانی رۆژی یەکشەممەدا ٨٠هەزار کەس بەشداربوون و جارێکی دیکە رەخنەیان گرت لە کردەوەی دەوڵەتی ئەو وڵاتە لەهەمبەر لافاوەکەی ئەم دواییەدا.