ڕێککەوتنی ئۆردۆن، ڕووسیاو ئەمریکا لەسەر ئاگربڕی نوێ لە باشووری ڕۆژاوای سووریا
https://kurdish.sahartv.ir/news/syria-i298900-ڕێککەوتنی_ئۆردۆن_ڕووسیاو_ئەمریکا_لەسەر_ئاگربڕی_نوێ_لە_باشووری_ڕۆژاوای_سووریا
وتەبێژی حکومەتی ئۆردۆن ڕایگەیاند: ڕووسیا، ئەمریکاو ئۆردۆن ڕێککەوتن لەسەر پێشەکییەکانی داکۆکی لە ئاگربڕ لە باشووری ڕۆژاوای سووریا.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
ته‌مووز 08, 2017 11:46 Asia/Tehran
  • ڕێککەوتنی ئۆردۆن، ڕووسیاو ئەمریکا لەسەر ئاگربڕی نوێ لە باشووری ڕۆژاوای سووریا

وتەبێژی حکومەتی ئۆردۆن ڕایگەیاند: ڕووسیا، ئەمریکاو ئۆردۆن ڕێککەوتن لەسەر پێشەکییەکانی داکۆکی لە ئاگربڕ لە باشووری ڕۆژاوای سووریا.

بەپێی ڕاپۆری ئاژانسی هەواڵیی خوێندکارانی ئێران(ئیسنا)؛ محەممەد موئمنی وتەبێژی حکومەتی ئۆردۆن وتی: بەپێی ڕێککەوتنی ڕووسیا، ئەمریکاو ئۆردۆن لەسەر داکۆکی لە ئاگربڕ لە باشووری ڕۆژاوای سووریا کە لە ئەممان لەسەری ڕێککەوتن کرا، ئاگربڕ لەسەر ئەو هێڵە پەیوەندییەی هێزەکانی حکومەتی سووریاو هێزە هاوپەیمانەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ هێزە نەیارە چەکدارە سوورییەکان، ڕەزامەندییان دەربڕیوە، لە سبەی ٩ی ژوولای جێ بەجێ دەکرێ.

بەپێی ئەو ڕاپۆرە، سێ لایەن لەسەر ئەوە ڕێککەوتن کە ئاگربڕ هەنگاوێک بێت لەپێناو گەیشتن بە کەمکرانی هەمیشەیی توندوتیژییەکان لەباشووری سووریا هەتا شەڕ وپێکدادانەکان کۆتاییان پێ بێ و سەقام بگەڕێتەوە ناوچەو ڕێگە ئاوەڵا بکرێ بۆ گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بەو ناوچە تەوەرەییە لە سووریا.

موئمنی هەروەها وتی: ئەو سێ وڵاتە جەختیان لەوە کردەوە کە پێشەکییەکانی ئەو ئاگربڕە، هێنانەدی کەشی دەستەبەرکەری چارەسەریی سیاسی هەمیشەیی بۆ قەیرانی سووریای لێ بکەوێتەوە.

ئۆردۆن، ئەمریکاو ڕووسیا هەروەها پێیان داگرت لەسەر جێ بەجێ کردنی بەڵێنییەکانیان لەپێناو چارەسەریی سیاسی لەڕێی ژنێڤ و بەگوێرەی بڕیارنامەی٢٢٥٤ی ئەنجومەنی ئاسایش کە یەکپارچەیی خاک، سەربەخۆیی و سەروەریی سووریا دەستەبەر دەکات.

پێشتر وەزیری دەرەوەی ڕووسیاش پاش دیداری سەرانی ئەمریکاو ڕووسیا لە هامبورگ ڕایگەیاندبوو: پوووتین وترەمپ لەسەر ئاگربڕ لە باشووری سووریا ڕێککەوتوون.

لاڤرۆف وتی: دوێنێ هەینی لە ئەممان، کارناسانی ئۆردۆنی، ئەمریکی و ڕووسی ڕێککەوتن لەسەر هێنانەدی ناوچەی کەم کێشە لە قۆنیترە، دەرعاو سویدا.