درێژەی کوشت وبڕی خەڵکی سووریا لەلایەن هاوپەیمانی ئەمریکاییەوە
لەئاکامی پەلاماری٤٨کاژێری ڕابردووی هاوپەیمانی بەناو نێودەوڵەتیی دژ بەداعش لەژێر چاوەدێری و سەرکردایەتی ئەمریکا، بۆ سەر شاری ڕەققە، لەباکووری سووریا، لانیەکم بیست و سێ کەسی مەدەنی کوژران.
بەپێی ڕاپۆری سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممەی هەواڵدەریی ئیرنا، لەو پەلامارانەدا هەروەها چل وشەش کەسی سیڤیل بریندار بوون.
سوپای ئەمریکا لەم دواییەدا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند؛ لە دەسپێکی پەلامار و هێرشەکانی هاوپەیمانیی بەناو نێودەوڵەتیی دژە داعش بە سەرکردایەتی ئەو وڵاتە، (ساڵی٢٠١٤) تائێستا لانیکەم ٤٨٤ کەسی سیڤیلی ئێراقی و سووری کوژراون . بەڵام لێکدانەوەی گرووپی چاودێریی"ئەیرورز" واپێشان ئەدات، نزیکەی سێ هەزار کەس لە خەڵکی مەدەنی لە پەلامارە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانی ئەمریکی لە ئێراق و سووریا کوژراون.
ئەمریکا لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین جار بەبیانووی بەرەنگاربوونەوەی گرووپە ڕەشەکوژەکان، خەڵکی سیڤیلیان لە سووریا و ئێراق کردۆتە ئامانج.
هاوپەیمانی بەناو دژە داعش لە سەردەمی سەرۆک کۆماریی ئۆباما بەئامانجی بانگەشەیی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی جێگیر لە ئێراق و سووریا سەری گرت.
ئەوە لەکاتێکدایە کە بەپێی ڕاپۆرە فەرمییەکان، ئەمریکاو هاوبەشە ڕۆژاوایی و عەرەبییەکانی ئەو وڵاتە، لە بەدیهێنەران و لایەنگرانی سەرەکیی دراڤی و لۆجستیکی و چەکئامێریی گرووپە ڕەشەکوژەکان لەوان داعش، دێنە ئەژمار.