پێش گرتن بە کەڵک وەرگرتنی ناڕەوای گرووپە ڕەشەکوژەکان لە ئاگربڕ لە سووریا
یاریدەری تایبەتی سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران بۆ کاروباری نێودەوڵەتی وتی: ئاگربڕ نابێ ببێتە مایەی مۆڵەت و کات ڕەخساندن بۆ گرووپە ڕەشەکوژەکان لە سووریا.
بەپێی ڕێککەوتنی ڕووسیا، ئەمریکاو ئۆردۆن، ئاگربڕێک لەڕۆژی یەکشەممەوە لەباشووری ڕۆژاوای سووریا لەنێوان حکومەتی دەمشق و نەیارانی چەکداری سووری، جێگیر کراوە.
حوسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان یاریدەری تایبەتی سەرۆکی مەجلیسی ئێران بۆ کارە نێودەوڵەتییەکان ڕۆژی دووشەممە لە دیمانە لەگەڵ ئاژانسی هەواڵیی سەداوسیما، بەپێداگری لەسەر ئەوەی کە لە سووریا دەبێ ڕێکارێکی سیاسی ، بدۆزرێتەوە، وتی: بۆ گەیشتن بەو قۆناخە، پایبەندبوونی لایەنەکانی تێوەگلاوی شەڕ بە ئاگربڕ، پرسێکی گرینگە.
ئەمیر عەبدوڵاهیان بەئاماژە بە پایبەندبوونی حکومەتی سووریا بە ئاگربڕ، وتی: جێگیرکرانی ئاگربڕ لەناوچە جیاجیاکانی سووریا دەتوانێ بۆ بەهێزکرانی ڕەوتی سیاسی کاریگەر بێت، بەڵام بڕێک لایەن بۆ هێنانەدی ئامانجەکانیان هەوڵ دەدەن بە کەڵک وەرگرتن لەو ئاگربڕە ، دەرفەت بۆ گرووپە ڕەشەکوژەکان بڕەخسێنن .
ناوبراو سەرکەوتن بەسەر گرووپی ڕەشەکوژی داعش لە حەڵەبی سووریاو مووسڵی ئێراقی بە سەرکەوتنی هاوبەشی گەل و حکومەتی ئێراق و سووریا زانی و وتی: ڕزگارکرانی مووسڵ سەلماندی کە خەڵکی ئێراق بە هاودەنگی و یەکڕیزی دەتوانن مەزنترین سەرکەوتنەکان بەدەست بێنن.
یاریدەری تایبەتی سەرۆکی مەجلیسی ئێران بۆ کاروباری جیهانی، ڕزگارکرانی مووسڵی گەڕاندەوە بۆ ڕێنوێنییەکانی مەرجەعیەتی دینی، هاواهەنگیی هێزەکانی حەشدی شەعبی لەگەڵ هێزە چەکدارەکان، یەکڕیزی و گەڕانەوەی ئێراق بۆ پێگەو شوێنی خۆی لەناوچەدا.
حەیدەرعەبادی سەرۆک وەزیرانی ئێراق رۆژی یەکشەممە گەیشتە مووسڵ لەباکووری بەغداو بەفەرمیی هەواڵی سەرکەوتن بەسەر گرووپی ڕەشەکوژی داعشی پاش ٣٧ مانگ ڕاگەیاند.
ئۆپراسیۆنی ڕزگارکرانی مووسڵ لە١٧ی ئۆکتۆبری٢٠١٦وە دەس پێ کرابوو.