هێزەکانی دیموکراتیکی سووریا باسی کوژرانی دەیان سەربازی تورکیا دەکەن
هێزەکانی دیموکراتیکی سووریا دەڵێن؛ بە بۆسە نانەوە لە سەر ڕێگای هاتووچۆی هێزە سەربازییەکانی تورکیا لە ناوچەی عەفرینی سووریا ، ٢٠ سەربازی تورکیایان کووشتووە.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی پێنجشەممەی سپۆتنیک؛ هێزەکانی دیموکراتیکی سووریا ڕایانگەیاند پەلامارێکیان بۆ سەر هێزەکانی تورکیا لە گوندی "زەعرە" ئەنجام داوە کە لە باکووری عەفرین دا هەڵکەوتووە.
هەروەها مێدیاکانی سووریا ڕۆژی پێنجشەممە رایانگەیاند؛ سوپای تورکیا هێرشی کردۆتە سەر مزگەوتی شارۆچکەی "جندیرس" لە شاری عەفریندا. هێشتا هیچ ڕاپۆرت و هەواڵێک سەبارەت بەو پەلامارە بڵاو نەبۆتەوە. شارۆچکەی جندیرس لە باشووری ڕۆژاوای شاری عەفرین لە پارێزگای حەڵەبدا هەڵکەوتووە.
لە پەلاماری تۆپخانەی سەر لە بەیانی پێنجشەممەی تورکیایش بۆسەر ناوچەی عەفرین دوو کەسی مەدەنی لەوان منداڵێک کوژران. لەو پەلامارەدا زەبر کەوت لە ژمارێک ماڵ و خانووبەرەی خەڵکی ئاسایی و چەن سیستەمێکی ژێرخانیی عەفرینیش تیاچوو.
فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ڕۆژی چوارشەممەش چەن گوندێکی باکووری عەفرینیان بۆردومان کرد.
ئۆپەراسیۆنی سەربازیی سوپای تورکیا بە ناوی چڵە زەیتوون بە بیانووی بەهێزتر کردنی ئاسایش و پاوەجێیی لە سنووریەکانی تورکیا و ناوچەکە و تیابردنی شەڕڤانانی پەیەدە و داعش لە شاری عەفرین، لە ڕۆژی شەممەی رابردووە دەست پێ بووە.
دوابەدای دەسپێبوونی ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیا بۆ سەر شاری عەفرین Afrin وەزارەتی دەرەوەی سووریا پەلاماری هێزەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر ئەم شارەی ئیدانە کرد و ڕایگەیاند ؛ ئەو کردەوەیەی تورکیا بنپێ کردنی مافی سەروەری و دەسەڵاتدارێتیی نیشتمانیی سووریایە.