دەستەی هەواڵگریی تورکیا گەیشتە ڕۆژاوا و باکووری سووریا
ماڵپەڕەکانی سەر بە بەرهەڵستکارانی سووریایی ڕایانگەیاندووە کە گرووپێکی هەواڵگریی لە تورکیاوە هاوڕێ لەگەڵ سەرکردەکانی گرووپی چەکداری ناسراوی بە سوپای ئازادی سووریا هاتوون بۆ ناوچەگەلێک لە باکووری "حەماه" (ڕۆژاوا) و باشووری ئەدلیب (باکووری ڕۆژاوا)ی سووریا.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی مێهر بە گێرانەوە لە ڕووسیا ئەلیەوم؛ ماڵپەڕەکانی سەر بە بەرهەڵستکارانی سووریایی ڕایانگەیاندووە کە گرووپێکی هەواڵگریی لە تورکیاوە هاوڕێ لەگەڵ سەرکردەکانی گرووپی چەکداری ناسراوی بە سوپای ئازادی سووریا بۆ یەکەم جار گەیشتوونەتە چیاکانی "کەفەر زیتا" لە باکووری حەماه و خان شێخوون" لە باشووری ئەدلیب بۆ ئەوەی بنکەی ڕاگرتن و پشکنین دانێن. ئەم دەستەی هەواڵگرییەی تورکیا ڕۆژی دووشەممە لە چوارچێوی فەرمانبەرێتییەکی هەواڵگری بە پشتیوانیی فڕۆکە سیخوڕییەکان و گرووپە چەکدارەکان گەیشتە ئەدلیب و چوونە نێو ناوچەکانی "کەفەر زیتا" و "خان شێخوون".
وێدەچێ هاتنی ئەم دەستەی هەواڵگرییەی تورکیا هاوکات بێ لەگەڵ ئامادەیی سوپای سووریا بۆ وەڕێ کەوتن بەرەو ئەو ناوچانە.
پێشتر "نووری مەحموود" وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی گەلی سووریا (YPG)، پەلامارەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر باکووری سووریای بە بنپێکەری یەکپارچەیی خاکی ئەم وڵاتە زانی و وتی: ئامانج لەم پەلامارانە، داگیرکردنی بەشێک لە خاکی سووریا و پەیوەست کردنی بە تورکیایە.
ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا لە ٢٠ی ژانڤییەی ٢٠١٨_ەوە لە ناوچەی عەفرین لە باکووری سووریا دەست پێبووە کە بە وتەی مێدیاکانی تورکیا زیاتر لە شەش هەزار هێزی سەربازیی تورکیا لەو ئۆپەراسیۆنەدا بەشدارن.
وەزارەتی دەرەوەی سووریا ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا لە عەفرینی باکوری سووریا بە بنپێکەری مافی دەسەڵاتدارێتیی نیشتمانی و یەکپارچەیی خاکی سووریا ڕاگەیاندووە و ئیدانەی کردووە.