نیسان 04, 2018 17:58 Asia/Tehran
  • ڕۆحانی : قەیرانی سووریا ڕێچارەی سەربازیی بۆ نییە

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ڕەوتی دانوستانی ئاستانەو ڕۆڵی ئێران و تورکیاو ڕووسیای لەمەڕ چارەسەریی قەیرانی سووریا بە گرینگ نرخاندو پێی داگرت: هەوڵی ڕاستەقینە بۆ کۆتایی هێنان بە قەیرانی سووریاو پێکهێنانی بەستێنی پێویست بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەم وڵاتە و خۆش کردنی بوار بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنی ژیانی خۆیان دەبێ لە لایەن هەر سێ وڵاتەکەو کۆمەڵگای جیهانیشەوە گرینگایەتیی پێ بدرێت.

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ڕۆژی چوارشەممە لە دووهەمین کۆبوونەوەی سێ قۆڵیی سەرۆک کۆمارانی ئێران و ڕووسیاو تورکیا بە تەوەرەی کێشەی سوریا لە ئانکارا، وتیشی:قەیرانی سووریا ڕێگاچارەی سەربازی و یان داسەپێندراو لە دەرەوەی ناوچەکەی بۆ نییە و داهاتووی سووریا بەس لە ڕێگای هەڵبژاردنی دیموکراسیانەی جەماوەری سووریاوە دیاری دەکرێت.

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی وتیشی: کۆنگرێسی دانوستانی نیشتیمانیی سووریا، بەستێنێکی لەباری بۆ دەستپێکی ڕەوتی چارەسەریی ئاشتیانەی قەیرانی سووریا خۆش کردووە.

ناوبراو وێڕای پێداگرتن لە سەر بەردەوامیی وتووێژەکانی نێوماڵی سووریا و بەرپا کرانی هەڵبژاردنێکی ئازاد لەو وڵاتە وتیشی: دەستوەردانی بیانییەکان لەمەڕ دیاری کردنی شێوازو چەشنی حکومەتی سووریا تەنیا بەردەوامیی قەیرانەکەی لێ دەکەوێتەوە.

ڕۆحانی ئاماژەشی کردە ڕەوشتی دڵتەزێنی جەماوەری سووریاو داوای لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی کرد بەبێ پێشێل کردنی سەروەری و دەستەڵاتی نیشتیمانیی سووریا لە ئاراستەی گەیاندنی یارمەتیی مرۆڤی بۆ تەواوی ناوچەکانی سووریا هەوڵ بدەن.

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی هەروەها وێڕای پێداگرتن لە سەر ئامادە بوونی کاریگەری ئێران بۆ بنیاتنانەوەی سووریا ، وتیشی: بوونی هێزی بیانی لە سووریا بەبێ ڕەزامەندیی دەوڵەتی ئەو وڵاتە نایاساییەو دەبێ کۆتایی پێ بێت.

ڕۆحانی پێشی داگرت: هەوڵدان بۆ دابەشکرانی سووریا لە هیچ هەل و مەرجێکدا جێگای قەبووڵ نییە.

سەرپەیڤ