بیست و سێ پاسی هەڵگری تیرۆریستان لە دومای سووریا چوونەدەر
بیست و سێ پاسی هەڵگری تیرۆریستانی ئەندامی گرووپی جەیشولئیسلام هاوڕێ لەگەڵ خێزانەکانیان لە شاری دوما سەربەناوچەی غوتەی ڕۆژهەڵاتی بەرەو جرابلۆس لە پارێزگای حەڵەب لەڕێی تێپەڕگەی ئەلوافدین چوونەدەر.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، میدیا سووریەکان ئەمڕۆ دووشەممە ڕایانگەیاند: پێنج پاسی دیکەش ئامادەی چوونەدەری تیرۆریستانی ئەندامی جەیشولئیسلام لەشاری دومایە.
بەپێی ڕێککەوتنی نوێی نێوان گرووپی تیرۆریستیی جەیشولئیسلام و حکومەتی سووریا دەبێ هەموو ڕفێنراوە سەربازی، ناسەربازییەکان و تەرمی کوژراوان ڕادەستی سوپای سووریا بکرێ.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکەم تاقم لە کەسانی ڕفێندراو لەلایەن تاقمی تیرۆریستیی جەیشولئیسلام لە دوما بۆ دەمشق ڕاگوێزران.
شەش سەت و سی و پێنج ئەندامی گرووپی ڕەشەکوژی جەیشولئیسلام هاوڕێ لەگەڵ خێزانەکانیان چوار ڕۆژ لەوەپێش لەسێ قۆناخ لەشاری دوما لە غوتەی ڕۆژهەڵاتی لەپارێزگای ریفی دەمشق بەرەو جرابلۆس چوونەدەر.
بەپێی هەواڵێکی دیکە، سەرچاوەیەکی سەربازی بە هەواڵدەریی سپۆتنیک وتی: سووریا تەیارکراوە بە سیستەمی دژە ئاسمانیی"پانتیسر-ئێس یەک".
ئەو سەرچاوە سەربازییە وتیشی: ڕووسیا لەساڵانی ڕابردوودا چل سیستەمی دژە ئاسمانیی پانتیسر-ئێس یەکی خستووەتە بەردەست سووریا کە بۆ بەرەڤانی لە ئامانجە سەربازی وناسەربازییەکان و هەروەها سیستەمەکانی دیکەی مووشەکیی دوورهاوێژی وەک ئێس-٣٠٠ و ئێس-٤٠٠ لەهەمبەر هەموو هەڕەشە ئاسمانی و دەریاییەکان بەکاردەهێنرێ.