پشکێنەرانی ڕێکخراوی قەدەغەی چەکی شیمیایی بەڕێ کران بۆ سووریا
ڕێکخراوی قەدەغەی چەکی شیمیایی شەوی هەینی ڕایگەیاند کە گرووپێکی پەیجۆری راستیی بەڕێ کردووە بۆ سووریا.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فارس؛ ڕێکخراوی قەدەغەی چەکی شیمیایی لێژنەی پەیجۆری ڕاستیی خۆی بە مەبەستی لێکۆڵینەوە سەبارەت بەو پەلامارە شیمیاییە بەڕێ کردووە بۆ سووریا کە بانگەشە دەکرێ سوپای سووریا کردوویەتییە سەر دوما لە غوتەی ڕۆژهەڵات.
ئەم لێژنەیە کاری خۆی لە ڕۆژی شەممە١٤ی ئاپریلەوە دەست پێ دەکات.
"بەشار جەعفەری" نوێنەری هەمیشەیی سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان پێشتر رایگەیاندبوو کە دیمەشق ڤیزەی دەرکردووە بۆ ٤ کارناسی ئەو ڕێکخراوەیە.
دەوڵەتی سووریا سێشەممەی ئەم هەفتە بە شێوەی فەرمی داوای لە ڕێکخراوی قەدەغەی چەکی شیمیایی کرد بانگەشەی تیرۆریستان سەبارەت بەمەی کە سوپای سووریا پەلاماری شیمیایی کردتۆتە سەر دوما بخاتە بەرلێکۆڵینەوە. ئەو داخوازە بەرەوڕووی پێشوازیی ئەم ڕێکخراوەیە بوویەوە.
تیرۆریستانی جەیشولئیسلام کە لە ناوچەی "دوما" لە غوتەی ڕۆژهەڵاتی سووریادا سەقامگیرن ، شەوی شەممە دیمەشقیان تۆمەتبار کرد بە پەلاماری شیمیایی بۆ سەر ئەم ناوچەیە و کوشتنی دەیان کەس. تۆمەتێک کە دەوڵەتی سووریا لێبڕاوانە ڕەتی دەکاتەوە.
مێدیا ڕۆژاوایی و عەرەبییەکانی پشتیوانی تیرۆریستان پاش ئەو بانگەشەیەی تیرۆریستان، شەڕێکی پڕوپاگەندەیی قورسیان دژ بە دیمەشق دەست پێ کرد.
ئەمریکا و ژمارێک وڵاتی هاوپەیمانی بە دەکارهێنانی ئەو کەش نانەوەیە بە بێ ئەوەی بەڵگەی جێبڕاوایان بە دەستەوە بێ، دەوڵەتی سووریایان تۆمەتبار کرد بە ئەنجام دانی پەلاماری شیمیایی.
ئەوە لە کاتێکدایە کە وەزارەتی بەرەڤانیی ڕووسیا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند سوپای ئەم وڵاتە هیچ ئاسەوار و نیشانەیەکی لە پەلاماری شیمیایی بۆ سەر ناوچەی دوما لە غوتەی ڕۆژهەڵات نەدۆزیوەتەوە
وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیایش راشکاوانە رایگەیاند ئەو بانگەشانەی سەبارەت بە پەلاماری شیمیایی لە دوما دێنە ئاراوە تەنیا بە مەبەستی شاردنەوەی دڕندەکارییەکانی تیرۆریستان و پەسادانەوەی پەلاماری سەربازیی خۆیان بۆ سەر سووریا ئەنجام دەگرێت.
زۆرێک لە کارناسان و شارەزایان بڕوایان وایە کە تۆمەتبار کردنی دەوڵەتی سووریا بە دەکارهێنانی چەکی شیمیایی لە ڕاستیدا هەوڵێکە بۆ بەلاڕێدا بردنی بیر و ڕای گشتی و بە پێچەوانە نیشان دانی راستییەکان هاوکات لەگەڵ سەرکەوتنەکانی ئەمدواییەی سوپای سووریا لە هەمبەر تیرۆریستاندا.
ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی زۆر نیگەرانی شکست هێنانی تیرۆریستان لە سووریادان