بەرپرسێکی باڵای سووری: ئەگەر پەلامارەکان کۆتاییان پێهاتبێ، وەک پەلاماری بەرتەسک و سنووردار دێتەئەژمار
پاش ڕاگەیاندنی وەزیری بەرگریی ئەمریکا لەمەڕ کۆتایی هاتنی پەلامارە ئاسمانییەکان دژ بەسووریا، بەرپرسێکی باڵای سووریا بە ڕۆیتەرزی وت: ئەگەر پەلامارەکان کۆتاییان پێهاتبێ، وەک "پەلاماری سنووردار"دێتە ئەژمار.
جێمز مەتیس وەزیری بەرگریی ئەمریکا دوێشەو(هەینی) لەدانیشتنیکی میدیایی لە پێنتاگۆن کە کاژێرێک پاش دەسپێبوونی دەسدرێژکاریی مووشەکیی ڕۆژاوا بۆسەر سووریا بەڕێوەچوو، باسی کۆتایی پەلامارە مووشەکییەکانی رۆژاوا لە خاکی سووریای کرد و وتی: پەلاماری ئاسمانیی نوێ لەدژ سووریا ئەنجام ناگرێ.
تەلەفزیۆنی سووریا سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە بەئاماژە بە بەرەوڕووبوونەوەی میحوەری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم بە هێرشی هاوبەشی ئەمریکا، بەریتانیاو فەڕانسە بۆسەر سووریا ڕایگەیاند: کرانە ئامانجی فڕۆکەخانەی دەمشق درۆیەو لانیکەم پانزە مووشەک لەو مووشەکانە کە خاکی سووریایان پێکا، کەوتنە خوارەوە.
بەپێی راگەیاندنی هەواڵدەریی سانا، هیچکام لە مووشەکە تێگیراوەکان لە دامەزراوە سەربازییەکانی سووریا لە نزیک حومس، ئامانجەکەیان نەپێکاوە.
پەلاماری ئاسمانیی هاوبەشی ئەمریکا، فەڕانسە و بەریتانیا بۆسەر سی پێگەی سەربازی و ناوەندی لێکۆڵینەوەیی لەسووریا بۆ وێنە، ناوەندی توێژینەوەکان لە "بەرزە"ی دەمشق و هەماری ماددە تەقەمەنییەکان لە حومس لەکاتێکدا ئەنجامیگرت کە بڕیار بوو ئەمڕۆ شەممە پشکێنەرانی لێژنەی لێکۆڵینەوە بچنە دەمشق و کارەکەیان دەس پێ بکەن.
تەلەفزیۆنی سووریا هەروەها ئامانج لە دەسدرێژکاریی ڕۆژاوا بۆسەر ئەو وڵاتەی، شاردنەوەی ڕاستییەکان زانی و ڕایگەیاند، سوپای سووریا بەهەمان ورەو ئیرادەیەک کە لەهەمبەر تیرۆریستاندا ڕاوەستا، لەهەمبەر دەسدرێژکاریی سێ وڵاتی ڕۆژاواییش ڕادەوەستێ.