ئاڵای سووریا لەدوو شارۆچکەی حەما هەڵواسرا
پاش پاکتاوکرانی ناوچەکانی بەرفراوانی حەما لەڕۆژاوای سووریا، چەند یەکەیەکی هێزی سەربازیی سووریا شەوی هەینی ئاڵای ئەو وڵاتەیان لەسەر بینا دەوڵەتییەکانی شارۆچکەی عەقرەت و تەنەف لە حەما هەڵواسی.
بەپێی راپۆری هەواڵدەریی فەرمیی سووریا(سانا)؛ بەسەدان کەس لە خەڵکی شارۆچکەکانی عەقرەب و تەنەف لە دەروازە و تێپەڕگەکان بە هەڵگرتنی ئاڵای سووریاو وێنەی بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە، بەرەو پیری سوپای سووریاوە هاتن.
هاوکات لەگەڵ هاتنی هێزە سەربازییەکانی سووریا بۆ شارۆچکەکانی عەقرەب و تەنەف، کارمەندانی بەشەکانی ڕاژەکاریی گەیاندنی گشتیی پارێزگای حەماش، دەستیان کرد بە چاک کردنەوەی تۆڕەکانی کارەبا گەیاندن، جاددەکان و دامەزراوە ژێرخانییەکان لەو دوو شارۆچکەیە.
دەزگەی ناسراو بە چاودێری مافی مرۆڤ سەربە نەیارانی سووریش شەوی هەینی ڕایگەیاند: ٢٢٧ کەس لە تیرۆریستانی داعش یەک مانگی ڕابردوو لە تێکهەڵچوون لەگەڵ سوپای سووریا لە گەڕەکە باشووریەکانی دەمشق(ئۆردوگای یەرموک و حەجەرولئەسوەد) کوژران.
سوپای سووریا هاوکات لە دەسکەوتێکی گرینگ لە ئۆپراسیۆنی خۆیدا کە لە١٩ی ئاڤریل بۆ کۆتایی هێنان بە ئامادەبوونی تیرۆریزم لەباشووری دەمشقی پایتەختی سووریا دەس پێکرا، توانی بەتەواوەتی کۆنترۆڵی ناوچەی حەجەرولئەسوەد وەک پێگەی سەرەکیی داعش بگرێتەدەست.
قەیرانی سووریا لە حەوت ساڵ لەمەوبەرەوە بەئامادەبوونی گرووپە چەکدار و تیرۆریستییەکانی وەک داعش و بەرەی نوسرە کە لەلایەن ڕۆژاوا و ژمارێک وڵاتی ناوچە داکۆکیان لێ دەکرێ، دەس پێ بووە.