نەیارەتیی ئەورووپاییەکان لەگەڵ داخوازی ئەمریکا بۆ مانەوەی ئەوان لە سووریا
https://kurdish.sahartv.ir/news/syria-i358051-نەیارەتیی_ئەورووپاییەکان_لەگەڵ_داخوازی_ئەمریکا_بۆ_مانەوەی_ئەوان_لە_سووریا
دەوڵەتانی ئەرووپایی داخوازەکەی "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەمەڕ بەڕێ کرانی هێزی سەربازیی ئەورووپایی بۆ سووریا و پڕ کردنەوەی جێگای هێزی ئەمریکاییان ڕەت کردەوە.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
شوبات 22, 2019 08:33 Asia/Tehran
  • نەیارەتیی ئەورووپاییەکان لەگەڵ داخوازی ئەمریکا بۆ مانەوەی ئەوان لە سووریا

دەوڵەتانی ئەرووپایی داخوازەکەی "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەمەڕ بەڕێ کرانی هێزی سەربازیی ئەورووپایی بۆ سووریا و پڕ کردنەوەی جێگای هێزی ئەمریکاییان ڕەت کردەوە.

رۆژنامەی واشینگتۆن پۆست ڕۆژی پێنجشەممە بە گێڕانەوە لە ژێدەرە ئاگادارەکان نووسی؛ دەوڵەتانی ئەورووپایی هاوپەیمانی ئەمریکا، هەموو پێکەوە یەکدەنگ بە واشینگتۆنیان ڕاگەیاندووە کە بێتوو ئێوە سووریا بەجێ بێڵن، ئێمەش لەو وڵاتە نامێنینەوە.

ئەورووپاییەکان مانەوە لە سووریایان مەرجدار کردووە بەوەی کە لانیکەم بەشێک لە هێزی ئەمریکایی لە سووریادا بمێنێتەوە و هەر ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی کە نوێنەرانی کۆنگرێس، کاربەدەستانی دەوڵەت ئەمریکا و پێنتاگۆن بڵێن کە "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە دەبێ پێداچوونەوە بکات بە سەر بیڕیارەکەیدا.

ئێستاکە بەریتانیا و فەرەنسا تەنیا هاوپەیمانانی ئەمریکان کە هێزی سەربازییان لە سووریادا سەقامگیر کردووە.

"دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا دێسەمبەری ٢٠١٨ پاش بانگەشە سەبارەت بەوەی کە شکست پێهێنانی داعش تەنیا هۆکاری بوونی هێزی سەربازیی ئەم وڵاتە لە سووریادا بووە  و ئێستا ئیتر داعش تەواو شکستی هێناوە، ڕایگەیاند کە دوو هەزار هێزی ئەمریکایی لە سووریا دەباتە دەرەوە.

ئەمریکا بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان بە شێوەی نایاسایی (بە بێ ئیزنی دەوڵەتی سووریا) هێزی سەربازیی خۆی لە خاکی ئەم وڵاتەدا سەقامگیر کردووە .

بوونی نایاسایی هێزە سەربازییەکانی واشینگتۆن لە سووریا بە بیانوی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم لە کاتێکدایە کە "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ئەمدواییە دانی نا بەوەیدا کە ئەم وڵاتە هۆکاری سەرەکیی سەرهەڵدانی گرووپە تیرۆریستییەکان لەوان داعش لە سووریا و ئێراقە.

قەیران لە سووریا لە ساڵی ٢٠١١ـەوە بە پەلاماری بەربڵاوی گرووپە تیرۆریستییەکانی داکۆکی کراو لە لایەن عەرەبستان، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیان لە پێناو گۆڕینی هاوکێشەکانی ناوچە بە سوودی ڕژێمی زایۆنی دەست پێبوو کە بە هۆی هەوڵی سوپا و خەڵکی سووریا ئەو پیلانە ناکام ماوەتەوە.