نووسینگەی سەرۆک کۆمارەتیی سووریا: دۆخی «بەشار ئەسەد» ڕوو لە باش بوونە
نووسینگەی سەرۆک کۆمارەتیی سووریا بەیاننامەیەکی لە بارەی دوایین دۆخی «بەشار ئەسەد»ی سەرۆک کۆماری سووریاو «ئەسما ئەسەد»ی ھاوسەری کە پێشتر توشی کۆرۆنا ببوون، بڵاو کردەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆزی چوارشەممەی ھەواڵدەریی فەرمیی سووریا«سانا»، لە بەیاننامەکەی نووسینگەی سەرۆک کۆمارەتیی سووریادا ھاتووە: لە ئێستادا نیشانەکانی چاک بوونەوە لە «بەشار ئەسەد»و «ئەسما ئەسەد»ی ھاوسەری بەدی دەکرێت و دەکرێ بوترێت ڕوویان لە باشتر بوون ناوە.
نووسینگەی سەرۆک کۆمارەتیی سووریا جەختی لەوەش کردووەتەوە کە، لە ئێستادا سەرۆک کۆمارو ھاوسەرەکەی لە ماڵەوە کەرەنتینن و ھەر لەوێشەوە چالاکییەکانیان بەردەوام دەکەن و دوای ڕزگار بوونی تۆکمەوتەواویان لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، تەواوی چالاکییەکانیان ھەروەکو ڕابردوو بە شێوەیەکی ئاسایی دەست پێ دەکەنەوە.
بەرلەمە نووسینگەی سەرۆک کۆمارەتیی سوریا لە بەیاننامەیەک دا ڕایگەیاند بوو کە سەرباری ئەوەی کە «بەشار ئەسەد»و «ئەسما ئەسەد»ی ھاوسەری توشی کۆرۆنا ھاتوون، بەڵام دۆخی ھەردووکیان باشەو لە سەر کاروباری ڕۆژانەیان بەردەوامن.