کانونی دوھەم 14, 2023 22:49 Asia/Tehran
  • ئەمیر عەبدوڵڵاهیان: پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سوریا لە باشترین ئاستیدایە

وەزیری دەرەوەی ئێران، بە ئاماژە بە بانگهێشتنی سەرۆک کۆماری سووریا لە سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی لەمەڕ سەردانی دیمەشق، وتی: پەیوەندییەکانی دوو وڵات لە باشترین ئاستی خۆیدایە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئێران پرێس، «حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان» وەزیری دەرەوەی ئێران، ئێوارەی ڕۆژی شەممە پاش دیدارو وتووێژ لەگەڵ «فەیسەڵ میقداد» وەزیری دەرەوەی سوریا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا، وێڕای دەربڕینی ڕەزامەندی لە سەردانەکەی دیمەشقی، ڕایگەیاند: هەردوولا هەوڵی ئەوە دەدەن بەستێن بۆ سەردانەکەی داھاتووی «سەیید ئیبراهیم ڕەیسی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی بۆ سوریا خۆش کەن.

«ئەمیرعەبدوڵڵاهیان» ئاماژەی بەوەشکرد، لە دیدارەکەی لەگەڵ «فەیسەڵ میقداد» گفتوگۆ لەسەر ڕێگاکانی زیادکردنی پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانی هەردوو وڵات لە کەرتی تایبەت و گشتیدا کراوە.

وەزیری دەرەوەی ئێران ھەروەھا باسی بڵاو بوونەوەی ھێندێک ھەواڵ و دەنگ و باسی لە بەشێک لە میدیاکاندا کرد کە لەمەڕ ئەمەی کە گوایە جیاوازی بیروڕا لە نێوان ئێران و سوریا سەبارەت بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنە ئابوورییەکان هەبووەو ئەمەش بووەتە هۆی دواکەوتنی پرۆسەی ڕاپەڕاندنی ئەو ڕێککەوتنانە،وتیشی: ئەزقەزا پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سوریا لە باشترین ئاستیدایەو ئەمڕۆ سەرۆکی سوریا جەختی لەوە کردەوە کە ئیرادەی سەرکردەکانی هەردووک وڵات لەسەر پەرەپێدانی ھەرچی زیاتری  پەیوەندییەکان چڕ بووەتەوە.

«ئەمیر عەبدوڵڵاهیان» ڕاشیگەیاند: زۆرێک لە بەڵگەنامەکانی نێوان ئێران و سوریا واژۆ کراون و جێبەجێ دەکرێن و هەردوو وڵات هیچ جیاوازییەکی بیروڕایان نییە.

بەرپرسی دەزگای دیپلۆماسیی ئێران جەختی لەوەش کردەوە کە ئەمڕۆ لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سوریا ڕێککەوتن کراوە کە بەڵگەنامەی هاوکاریی ستراتژیی درێژخایەنی نێوان دوو وڵات ئامادە بکرێت و لە داهاتوویەکی نزیکدا واژۆی لەسەر بکەین.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە دانوستانەکانی نێوان سوریا و تورکیاش، «ئەمیر عەبدوڵڵاهیان» ڕایگەیاند کە، ئێران پەیوەندییەکی گرنگی لەگەڵ تورکیا و سوریادا هەیە.

وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لەوەش کردەوە کە، پێویستە گرنگی بە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی وڵاتان بدرێت و تارانیش خۆشحاڵە کە هەوڵی دیپلۆماسی و وتووێژەکانی نێوان سەرۆکەکانی ئێران، تورکیا و سوریا بووەتە هۆی ئەوەی کە دیالۆگ جێگای شەڕ بگرێتەوە.

سەرپەیڤ