دیمەشق: سیاسەتە هەڵەکانی ئەمریکا بووەتە هۆی ناسەقامگیری لە سوریا
نوێنەری هەمیشەیی سووریا لە ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند: هەڵسوکەوتی تێکدەرانەی واشێنگتۆن ملوێنان هاوڵاتیی سووریی ڕووبەڕووی ناپاوەجێیی و ھەڵوەدایی کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی فەرمیی ئاژانسی هەواڵدەریی سوریا (سانا) ڕۆژی پێنجشەممە، «بەسام سەباغ»، نوێنەری هەمیشەیی سوریا لە ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش سەبارەت بە کاروباری سیاسی و مرۆڤ دۆستانە لە سوریا، ڕایگەیاند، سیاسەتە هەڵەکانی ئەمریکا لە جیهان و ناوچەکە بەتایبەت لە سوریا بوونەتە هۆی ناسەقامگیری و لەنێوبرانی ئەو گەشەو دەستکەوتانەی کە بەدرێژایی دەیان ساڵ بەدەست هاتوون.
سەباغ ئاماژەی بەوەشکرد، پێداگریی هەندێک وڵات لەسەر دووبارەکردنەوەی مانگانەی دانوستانەکانی ئەنجومەنی ئاسایش لە بارەی سوریا بەبێ هیچ دەستهاتێکی ئەرێنی ، دەربڕی خەمسارد بوونیان لە بارەی وەخت و کات و ساتەکانی ئەنجومەنەکە نیشان دەدات.
نوێنەری هەمیشەیی سوریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاشیگەیاند، حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی ئەمریکا بە گرتنەبەری سیاسەتی "ئاژاوەی داهێنەرانە" لە ناوچەکەدا بە سوریاشەوە، قەیران و ململانێیان دروستکردووە و دواتر بە خەرجکردنی ملۆێنان دۆلار لە ڕێگەی میدیاکانەوە هەوڵی چەواشەکردنی ڕای گشتی و خەوشاندنی سیمای حکومەتی سوریا دەدکات.
«سەباغ» ڕوونیشی کردەوە کە ئەم سیاسەتە بەدخوازانەیە هەموو دەستکەوتەکانی بواری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی لەناو دەبات و دواجار دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی گرووپە تیرۆریستییەکانی وەک داعش و نوسرە.
نوێنەری هەمیشەیی سوریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاشیگەیاند، لە کاتێکدا سوریا ئیدانەی هەموو ئەم تاوان و پێشێلکاری و کردەوانەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەکات، داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایشتیش دەکات بەرپرسیارێتیی خۆی لە ئەستۆ بگرێت و ئەرکەکانی لە بەرامبەر سەروەری، سەربەخۆیی، یەکگرتوویی و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سوریا ڕاپەڕێنێ.